لڤین
سوپای رووسیا كۆنترۆڵكردنی چوار شارو شارۆچکەی دیكە لەژێر دەسەڵاتی هێزەكانی ئۆكراینا رادەگەیەنێت و ئاشكراشیدەكات لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار و 200 سەربازی ئۆكراینی لە بەرەكانی جەنگدا كوژراون.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا نوێترین زانیاریی لەبارەی پێشڕەوییەكانی سوپای وڵاتەكەی لەشەڕی دژ بە هێزەكانی ئۆكراینا بڵاوكردەوەو رایگەیاند، هێزەكانیان لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا پێشڕەویی بەرچاویان لەهەردوو بەرەی شەڕی دۆنێتسك كردووەو دوو شاری گەورەو دوو شارۆچكەی دیكەیان كۆنترۆڵكرد.
وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لەمیانی شەڕو پێكدادانەكانی 24 كاتژمێری رابردوودا لەبەرەکانی شەڕ لە دۆنێتسك و لۆگانسك و خارکۆڤ، سوپای ئۆكراینا زیانێكی گەورەیان بەركەوتووەو بەپێی ئامارەكان، دوو هەزارو 240 سەربازیان كوژراون، جگە لە كوژرانی دەیان چەكداری بەكرێگیراوی بیانی، كە لەپاڵ هێزەكانی ئۆكراینا شەڕدەكەن.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا ئاشكراشیكردووە، لەچەند هێرشێكی مووشەكیدا ژمارەیەك فڕۆكەخانە و ناوەندی سەربازیی ئۆكراینا خاپوور كراون و هێزەكانی ئەو وڵاتەش لەزۆربەی بەرەكانی شەڕ پاشەكشە دەكەن.