لڤین
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان محەمەد شیاع سودانی، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی فەرماندە و بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەكانی لە پارێزگای واست كرد، و رێنمایی دا نەرم نەبن لە جێبەجێكردنی یاسادا.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند : سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكان محەمەد شیاع سودانی، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی فەرماندە و بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەكانی لە پارێزگای واست كرد، بە ئامادەبوونی جێگری فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان و پارێزگاری واست و فەرماندەی پۆلیسی پارێزگاكە.
بە گوێری بەیاننامەكە، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان كورتەیەكی پێشكەشكرد لەبارەی واقیعی ئەمنی لە پارێزگای واست، و تواناكانی پێكهاتە ئەمنییەكان لە جێبەجێكردنی بەرپرسیارێتیەكانیان كە پێیان سپێردراوە بۆ پاراستنی ئاسایش لە سەرتاسەری پارێزگاكەدا، هاوكات فەرماندەی پۆلیس پێداچوونەوەی بە پێشكەوتنی جێبەجێكردنی پلانە ئەمنییەكان كرد كە ئامادەكراون بۆ بەرزكردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری لە قەزا و ناحیەكانی پارێزگاكەدا.
هەر بەپێی بەیاننامەكە، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان جەختی لە گرنگی واقیعێكی ئەمنی سەقامگیر كردەوە، كە یارمەتی حكومەت دەدات پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و پلان و بەرنامەكانی پەرەپێدانی لە سەرجەم پارێزگاكان بە پارێزگای واستیشەوە جێبەجێ بكات.
هاوكات سودانی تەئكیدی لە پەرەپێدانی كاری ئەمنی لە پارێزگاكەدا كردەوە، هەروەها ڕێنماییەكانی نوێ كردەوە بۆ گرنگیدان بە كارمەندان و كەرەستە و خواردنیان، و دڵنیابوون لە ڕاهێنانەكانیان و بەرزكردنەوەی تواناكانیان و بەرزكردنەوەی ئاستی ئەدای ئەمنی، و نەرم نەبن لە جێبەجێكردنی یاسادا، هەروەها جەختی لەسەر هەماهەنگی ئەمنی نێوان فەرمانگە پەیوەندیدارەكان و پەرۆشی لە زانیاری هەواڵگری و كاری چالاكانە كردەوە.