لڤین
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، پڕۆسەی دەنگدان لە هەردو هەڵبژاردنی تایبەت و گشتی درێژ ناكرێتەوە و بنكەكان لە كاتژمێر 7:00ی بەیانی بۆ 6:00ی ئێوارە كراوە دەبن، هەروەها دەشڵێت، “دەنگدان تەنها لە ڕێگەی بەكارهێنانی كارتی بایۆمەتری دەنگدەرانەوە دەبێت”.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سەرجەم هاوپەیمانییەكان، حزبەكان، پاڵێوراوەكان و بریكارەكان، دەنگدەران، چاودێران و ڕاگەیاندنكاران ئاگادار دەكاتەوە كە بنكەكانی دەنگدان لە كاتژمێر 7:00ی بەیانی تاكو 6:00ی ئێوارە كراوە دەبن، لە ڕۆژی هەینی بۆ دەنگدانی تایبەت و ڕۆژی یەكشەممەش بۆ دەنگدانی گشتی و پرۆسەی دەنگدان درێژناكرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، پرۆسەی كردنەوە و داخستنی وێستگەكانی دەنگدان بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەبێت و دەنگدان تەنها لە ڕێگەی بەكارهێنانی كارتی بایۆمەتری دەنگدەرانەوە دەبێت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ڕێگە نادرێت بە بردنەژورەوەی ئامێری موبایل و كامێرا بۆ ناو بنكە و وێستگەكانی دەنگدان، تەنها لەو بنكانە نەبێت كە بۆ ڕاگەیەندنكاران تەرخانكراوە.