لڤین
سەرۆککۆمارى ئێران پەیامێکى بەبۆنەى کوژرانى حەسەن نەسروڵا بڵاوکردەوە و رایگەیاند “بڕیارەکە لە نیویۆرکەوە دەرچووە”.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئێران ئاماژەى بەوە کرد “ئەمریکییەکان ناتوانن خۆیان لە هاوبەشی لەگەڵ ئیسرائیلییەکان بێبەری بکەن”.
دەشڵێت “بەبۆنەى شەهیدبوونى حەسەن نەسروڵاوە پیرۆزبایی لە رێبەری باڵاى ئێران و تەواوى ستەملێکراوان دەکەم”.
دواى رۆژێک لە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر بارەگای سەرەکی حیزبوڵا لە بەیروت، حیزبوڵای لوبنان، کوشتنى حەسەن نەسروڵا ئەمیندارى حیزبەکەى راگەیاند.
حیزبوڵاى لوبنان لە راگەیندراوێکدا دەڵێت: لە دواى شەهیدکردنى حەسەن نەسروڵا، پابەند دەبن بە مقاوەمە و قوربانیدان تاوەکو سەرکەوتن.
لەدوای کوژرانی نەسروڵا، موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، سێ رۆژ ماتەمینی بۆ کوژرانی حەسەن نەسروڵا لە عێراق راگەیاند و دەڵێت: بە سەربەرزی ژیایت و بە سەربەرزی شەهید بوویت.
راگەیەندراوەکەی حیزبوڵایی لوبنانی لەدوای ئەوە هات، پێشتر سوپای ئیسرائیل راگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکەی رۆژی رابردووی بۆسەر بارەگای سەرەکی حیزبوڵا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، حەسەن نەسروڵا، ئەمیداری گشتی حیزبوڵایان کوشتووە.
بە کوژرانى حەسەن نەسروڵا و لەماوەى 10 رۆژى رابردووى هێرشەکانى سوپاى ئیسرائیل بۆسەر لوبنان، حەوت سەرکردەى حیزبوڵا کراوەتە ئامانج.
حەسەن نەسروڵاى تەمەن 64 ساڵ، لە ساڵی 1992 بە ئەمینداری گشتی حیزبوڵا دەستبەکاربووە و ماوەی 32 ساڵ سەرکردایەتی حیزبەکەى کردووە.