لڤین
بڕیارە لەماوەی دووڕۆژی داهاتوودا بەغدا ئەو برەی کە تەواوکاری مووچەی مانگی هەشت دەکات بۆ هەرێمی بنێرێت، و دارایی هەرێم دەڵێت”کورتهێنان پڕکرایەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت”.
بەپێێ هەواڵێکی ماڵپەڕی ” بەغداد ئەلیوم” ، کە لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردۆتەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ، حکومەتی ھەرێمی ئاگادارکردووەتەوە لە ماوەی دوو رۆژی داھاتوودا تەواوکاری مووچەی مانگی ئاب ڕەوانە دەکەن .
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاندووە، ئەو بڕەی کە ماوە نزیکەی ٤٠٠ ملیار دینارە، و ھیچ رێگرییەکی تەکنیکی لەبەردەمدا نەماوە و ڕاستەوخۆ ڕەوانە دەکرێت.
باسی لەوەشکردووە، بەغداد بڕی زیاتر لە ٥٧٠ ملیار دیناری وەک بەشێک لە موچەی مانگی ئاب بۆ ھەرێم ناردووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ھونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی ھەرێم رایگەیاندووە، بۆ دابەشکردنی موچەی مانگی ئاب بڕی ٩٩٨ ملیار دیناریان پێویستە و لەئێستادا ٧٥٥ ملیار دیناریان لەبەردەستە، بەوپێیە بڕی ٢٤٣ ملیار دینار کورتھێنان ھەیە، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ لەسەر ھێڵن و لەگەڵ پڕکردنەوەی ئەو کورتھێنانە لیستی موچەی مانگی ئاب رادەگەیەنن.