لڤین
بۆ پاراستنی هەرزەکار و منداڵان، تۆڕی ئیستاگرام کە لەلایەن کۆمپانیای مێتاوە خاوەندارێتی دەکرێت، هەژماری هەرزەکاران و منداڵان سنوردار دەکات.
لە ٢٤ـی مانگی نۆوە، لە ئەمەریکا و کەنەدا و ئوستڕاڵیا هەر کەسێک لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵەوە بێت و ئینستگرام دابنێت، هەژمارەکەی دەبێتە هەژمارێکی سنوردارکراوی هەرزەکاران.
هاوکات، ئەوانەی کە لە خوار تەمەنی ١٨ ساڵەوەن و پێشتر هەژمارییان هەبووە، لە ماوەی ٦٠ رۆژدا هەژمارەکانییان سنوردار دەکرێت و تایبەت دەکرێن بە هەرزەکاران و دواتریش تایبەتمەندییەکە لە ئەوروپا بەردەست دەبێت.
کۆمپانیای مێتای خاوەنی ئینستگرام باسی لەوە کردووە، بەهۆی ئەم تایبەتمەندییەوە پێشبینی دەکەن بەشێکی هەرزەکاران تەمەنی راستەقینەی خۆیان لە هەژمارەکانیاندا نەنوسن بەڵام هەوڵدەدەن ڕێوشوێنی زیاتر بگرنەبەر بۆ پشتڕاست کردنەوەی تەمەنییان، بۆ نموونە ئەگەر هەوڵ بدەن هەژمارێکی نوێ دروست بکەن و زیاتر لە تەمەنی خۆیان بنوسن.
ئەوەشی خستە روو، مێتا تەکنەلۆجیایەک دروست دەکات کە چالاکانە هەژماری ئەو هەرزەکارانە دەدۆزێتەوە کە تەمەنی خۆیان بە ڕاستی نەداوە و خۆیان بە گەورە نوسیوە و بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دەیانخاتە ناو هەژماری سنوورداری هەرزەکارانەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لە هەژماری هەرزەکاراندا نامە ناردن سنووردار دەکرێت تەنها بۆ ئەو کەسانەی کە هەرزەکارەکان فۆڵۆوییان کردوون و تەنها دەتوانن نامە لەو هەژمارانەوە وەربگرن کە فۆڵۆوییان کردوون و پێشتر پەیوەندییان هەبووە بە یەکەوە.
هاوکات، ڤیدیۆی هەستیار وەک ڤیدیۆی خەڵک کە شەڕ دەکەن و ئەوانەی کە ڕیکلام بۆ نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری دەکەن، سنووردار دەکرێن و لە کاتژمێر ١٠ ی شەوەوە تاوەکو ٧ ی بەیانی هەژمارەکانی هەرزەکاران ئۆتۆماتیکی وەڵامی نامەکان دەدەنەوە و ناتوانن بەکاری بهێنن.
گۆڕانکارییەکان دوای ئەوە دێت کە کۆمپانیاکە ڕووبەڕووی سکاڵای یاسایی بووەتەوە لە دەیان ویلایەتی ئەمەریکا و تۆمەتبار کراوە بە تۆمەتی زیانگەیاندن بە گەنجان و یارمەتیدان لە خراپبوونی باری دەروونی گەنجان.