لڤین
دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رووداوێکی هاتوچۆدا شەش کەس گیانیان لەدەستدا، پارێزگاری کەرکوک پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند:” کاردەکەین بۆ دانانی سنورێک بۆ ڕووداوەکانی هاتوچۆ کە بۆتە یەکێک لە ئاڵەنگارییەکان بۆ هاوڵاتیانی کەرکوک”.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان سێ ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەی هەولێر – کەرکووک روویدا و بەهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش برینداربوو. رووداوەکە بەدیاریکراوی دەکەوتە نزیک گوندی نەبیاوە، کە نزیکی کەرکووکە.
دەقى پەیامەکەی رێبوار تەها لەسەر رووداوەکە :
پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان دەکەین لەم ڕۆژە پیرۆزەدا هەروەها بەرێوەبەرایەتی هاتووچۆشمان ڕێنمایی کردووە بەپەلە لێکۆڵینەوەیەک ئەنجام بدات بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی ڕووداوەکە و چاوپۆشی نەکردن سەبارەت هەر کەمتەرخەمییەک لە ڕێڕەوی ڕێگاکەدا.
دوای وەرگرتنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەش هەموو ڕێکارێکی یاسایی دەگرینەبەر.
پشتیوان بەخوا و بەهاوکاری هاوڵاتیان و هەوڵی پیاوچاکان، کاردەکەین بۆ دانانی سنورێک بۆ ڕووداوەکانی هاتوچۆ کە بۆتە یەکێک لە ئاڵەنگارییەکان بۆ هاوڵاتیانی کەرکوک و ئازادی گەشتیاران لە ڕێگاوبانەکانی پارێزگاکەمان.