نەوتی کوردستان: چیرۆکێکی نامۆ لە سەدەی شۆڕشدا
له سەدەی بیستەم، ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی خاوه‌ن نەوت شۆرشیان به‌رپا كرد لە دژی كۆمپانیا ڕۆژئاوایه‌كان وەکو ڵاتانی (عێراق، ئێران، لیبیا، مەکسیک، ڤەنزوێلا، نەیجیریا و ئیکوادۆر) وه چه‌ندین وڵاتی تر، وه ئه‌نجامدانی ئه‌م شۆڕشانه‌ش بۆ وەرگرتنەوەی کۆنترۆڵی نه‌وت و پیشەسازییە نەوتییەکانیان بوو لە کۆمپانیا ڕۆژئاواییه‌كان، ئەم شۆڕشانەش تەنیا شۆڕشێكی ئابووری نەبوون، بەڵكو کردەوەی سیاسییش بوون بۆ جەختکردنەوە لەسەر سەروەری نه‌ته‌وه‌یی.
بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبری ئەوەی لە خەباتە مێژووییەکانی گەلانی دیکەوه فێربن، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه کۆنترۆڵی ته‌واوی سامانی نەوتی کوردستانیان ڕادەستی کۆمپانیا بیانیی و ڕۆژئاواییەکان کردووە، ئەم بڕیارە گەلی کورد بێ خاوەندارێتی ڕاستەقینەی بەسەر یەکێک لە بەنرخترین سەرچاوەکانیدا هێشتۆتەوە، وه نیگەرانی جدی لەسەر وابەستەیی ئابووری و سەروەری درێژخایەن دروست ده‌كات.
كۆنتڕۆل كردنی سامانی نه‌وت له لایه‌ن کۆمپانیا بیانیی و ڕۆژئاواییەکان واقیعێکی پڕ لە کێشه‌ی دروست كردووه بۆ هه‌رێمی كوردستان، لە کاتێکدا گەلانی دیکە شەڕیان کرد بۆ خۆماڵیکردنی نەوتی خۆیان و بنیاتنانی ئابووری سەربەخۆ.
به‌ڵام بڕیاربەدەستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان به هۆی نه‌بوونی ستراتیژێكی درێژخایه‌نی نه‌ته‌وه‌یی، هه‌ر بۆیه سامانی نه‌وتیان خسته ژێر ڕكێفی كۆمپانیا بیانییه‌كان، ئه‌گه‌ر ئێستاش هه‌ر ڕێكه‌وتنێك لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنحام بدرێت، ئەوا ده‌بێت به پێی وییت و ڕه‌زامه‌ندی ئه‌م كۆمپانیایانه بێت، وه لە گەڵ ئەوەشدا دەبێت زۆرترین قازانج بۆ كۆمپانیاکان بێت نەک بۆ حکومەت.

سدیق محەمەد
- This author does not have any more posts.

















