لڤین
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ١١ی ئاداری ٢٠٢٥، لیژنەی داکۆکی لە ئازادیی ڕۆژنامەنووسی و مافی ڕۆژنامەنووسان بە هاوبەشی لەگەڵ نووسینگەی سلێمانی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، سەردانی ڕۆژنامەنووسی ڕاگیراو بەشدار بازیانیان کرد لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی سلێمانی.
تیمەکە کە پێکهاتبوون لە هەندرێن ئەحمەد لێپرسراوی لیژنەی داکۆکی لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و هەردوو ئەندامی لیژنە کاروان ئەنوەر و سمکۆ عەبدولکەریم کە هاوکات سکرتێری لقەکانی سلێمانی و هەولێرن، لەگەڵ سابیر عەبدوڵڵا کەریم بەڕێوەبەری نووسینگەی سلێمانی لە دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە سەعاتێک لەگەڵ بەشدار ئەبوبەکر دانیشتن.
لە ماوەی سەردانەکەدا، تیمەکە لە بارودۆخی بەشدار بازیانی پرسی و ئاگاداری چۆنیەتی و شێوازی لێکۆڵینەوە بوون. هەروەها لەگەڵ ئەفسەری بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە قسە و باسیان کرد، کە ئەوانیش دڵنیایی تەواویان دا بە تیمەکە کە ڕێکارە یاساییەکان بە وردی پەیڕەو کراون و لە چوارچێوەی یاسادا ئیشوکارەکان بەڕێوەدەچن.
بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوە هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ژمارەیەک لە کەسوکاری بەشدار سەردانیان کردووە و لە باری تەندروستی و دۆخی ژیانی دڵنیا بوونەتەوە.