لڤین
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پڕۆژەی رێگای دوسایدی (دەربەندیخان-کەلار)ی بەسەرکردەوە و ڕایگەیاند”تاکۆتایی ئەمساڵ ڕیگاکە تەواو دەکرێت”.
دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێم لە میانی سەردانێکیدا بۆ پرۆژەی بەدووسایدکردنی ڕێگای (دەربەندیخان-کەلار) ڕایگەیاند، کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامەو رێژەی ئەنجامدراو ٨٥٪ی تێپەڕاندوە، هەموو هەوڵێکیشمان بۆ ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەکە تەواو بکەین و بە پشتیوانی خوای گەورە پڕۆژەکە بخەینە خزمەتی هاووڵاتیانەوە.
وتیشی، هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیەی ئەم پرۆژەیە تاکۆتایی ئەمساڵ تەواوبکرێت و ئەو ڕێگریانەی هەبوون دووبارە نەبنەوە، بۆ ئەوەی چیتر ڕووداوی هاتووچۆی دڵتەزێن بەهۆی خراپی ڕێگاوبانەکانەوە ڕوونەدات.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە ئاماژەی بەوەشکرد، توانیویانە ژمارەیەک پڕۆژە لەسنوری گەرمیان بەئەنجام بگەیەنین و ژمارەیەک پڕۆژەش لەوانە دوانزە رێگای دوانزە ئیمام قەرەبڵاغ کارکردن تیایاندا بەردەوامە.
پڕۆژەکە، یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و درێژییەکەی ٤١ کیلۆمەترە، بەتەواوبونی، رێگای کاتژمێرێک و ٢٥ خولەکی نێوان ئەو دوو شارە، دەبێتە ٤٠ خولەک و لەئێستاشدا بەشێک لە قۆناغە تەواو بوەکانی رێگاکە خراوەتە خزمەتی ھاوڵاتیانەوە.
لەنێو پڕۆژەکەدا ٣٥ پردی تێدایە کە درێژییەکەیان بە چون و هاتن دەگاتە پێنج کیلۆمەترو زۆرینەیان تەواو کراون، ھاوکات پردی ئاوە خێری کە گەورەترین پردە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە نێو پڕۆژەکەوە.