لڤین
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، تورکیا تۆمەتبار دەکات بەوەى ناوچەکە بەرەو شەڕێکى کراوە دەبات و دەڵێت، زیادبوونی هێرشەکانی تورکیا بۆ داپۆشینی شکستەکانى و نانەوەی ئاژاوە و دووبەرەکییە لە ناوچەکەدا.
بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کردنە ئامانجی دەوروبەری نەخۆشخانەی دڵ و چاو لە قامیشلۆ و ناوچەکانی شەهبا لە لایەن سوپای تورکیاوە، کە بووەتە هۆی کوژراو و برینداربوونى هاوڵاتییانی سڤیل، سووربوونی تورکیا نیشاندەدات بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە بکاتە ئامانج و هەوڵەکان بۆ گەشەپێدان و خزمەتکردنی ناوچەکە پەکبخات.
بەڕێوەبەرێتى خۆسەر، دەڵێت “هەماهەنگی تورکیا لەگەڵ رژێمی دیمەشق، لاوازی تورکیا دەردەخات لەوەی نەیتوانیووە ئامانجەکانی بەدەستبهێنێت، هەوڵێکیشە بۆ خۆڕزگارکردن لەو شکستەی بەهۆی دەستوەردانەکانی لە ناوچەکەدا دووچاری بووە”.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا بەڕێوەبەرێتى خۆسەر جەختیکردووەتەوە، هێرشەکانی تورکیا ناوچەکە بەرەو شەڕێکی کراوە دەبات و هۆشداریدەدات لەوەى چیتر ناتوانن لە ئاستی پێشێلکارییەکانی تورکیا دەستبەستراو بن، داواش لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هێزە هاوبەشەکانی دژی تیرۆر دەکات، سنوورێک بۆ ئەو پێشێلکارییانەی تورکیا دابنێن و ئەنقەرە ناچار بکەن، رێز لە یاسا و ڕێنماییە نێودەوڵەتییەکان بگرێت.