لڤین – دیارکۆ جەمال
ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر و تۆم باراک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە دیمەشق کۆبوونەوە و ژمارەیەک دۆسیەی هاوبەشیان تاوتوێ کرد کە بۆ هەردوو وڵات بە بایەخن.
بە گوێرەی ڕاگەیێنراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ئامادەی بووە، دوایین پێشهاتەکانی وڵاتەکە و ناوچەکە و ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی هاریکاریی ئابووریی نێوان هەردوو وڵات و کۆمەڵێک پەیوەست بە هەردوو وڵات تاوتوێ کراون.
بەرلە سەردانەکەی باراک، ئەدمیراڵ براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، کە سەقامگیریی سووریا پەیوەندییەکی توندوتۆڵی بە ئاسایشی ئەمریکاوە هەیە، ئاماژەی بەوەش کرد، سیاسەتی واشنتن بەرامبەر بە سووریا لە قۆناغی داهاتوودا ڕوونتر دەبێتەوە.
کوپەر لە وتەکانیدا لەبەردەم لیژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجوومەنی پیران گوتیشی، ئەمریکا لە پەیوەندیی لەگەڵ حکومەتی سووریا بەردەوام دەبێت و کاردەکات بۆ بونیادنانی توانا ئەمنییەکانی سووریا لە ڕێگەی هاوبەشە ناوچەییەکانەوە.

















