لڤین
وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، دوو بارەگای یەکەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی کرانە ئامانج
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ـی ئادار، وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: دوو بارەگای یەکەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی کرانە ئامانجی هێرشی درۆنی کە بەداخەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا سێ پێشمەرگەی قارەمان برینداربوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەم دەستدرێژییە نابەرپرسانەیە لە کاتێکدایە کە پێشتریش چەندین جار بارەگاکانی هێزی پێشمەرگە ڕووبەڕووی بۆردومان بوونەتەوە، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان لەو پێشێلکارییانە ئاگادار کردووەتەوە.
لە کۆتایدا ڕاگەیەندراوەکە هاتووە: بە توندی سەرکۆنەی ئەم کردەوە تیرۆریستیانە دەکەین و داوا لە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەکەین بە ئەرکی یاسایی خۆی هەستێت و سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژییە ناوخۆییانە دابنێت و پێویستە هەنگاوی خێرا و بەپەلە بنرێت بۆ ڕێگریکردن لەو گروپە لەیاسا دەرچووانە بۆ دووبارە نەکردنەوەی ئەم کردەوانە کە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.













