لڤین
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕەخنەی توند لە هەڵوێستەکانی ئێستای یەکێتی ئەورووپا دەگرێت و داوایان لێدەکات نەبنە بەشێک لەو جەنگ و “تاوانانەی” کە ئەمریکا و ئیسرائیل دژی تاران ئەنجامی دەدەن.
ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، وەڵامی ڕاوێژکاری ئەڵمانیای دایەوە. بەقائی ئاماژەی بەوە کردووە، سەردەمانێک یەکێتی ئەورووپا و بەتایبەت هەر سێ وڵاتی ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا ڕۆڵێکی گرنگیان لە دیپلۆماسیەتی نێودەوڵەتیدا دەگێڕا، بەتایبەت لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، لە ژێر فشاری ڕاوێژکاری ئەڵمانیادا هەوڵ دەدرێت بەشێک لە ئەندامانی یەکێتی ئەورووپا پەلکێشی ناو جەنگ بکرێن. بەقائی دەڵێت، ئەم هەوڵانە بۆ پاڵپشتیکردنی “تاوان و دەستدرێژییەکانی” ئەمریکا و ئیسرائیلە دژی ئێران، کە بە گوتەی ئەو یەکێکە لە کۆنترین شارستانییەتییەکانی جیهان.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئیسماعیل بەقائی داوای لە یەکێتی ئەورووپا کردووە دژی ئەو جۆرە بیرکردنەوانە بوەستێتەوە کە دەبنە هۆی ئاڵۆزی زیاتر. جەختیشی کردووەتەوە کە پێویستە یەکێتییەکە بە ئەرکی ڕاستەقینەی خۆی هەستێت و بە تەواوی پابەندی بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت.













