لڤین پرێس – Lvin Press

AD-Asiacell
AD-Asiacell
WhatsApp Image 2024-08-29 at 14.07.55_c3b45ed4
WhatsApp Image 2024-08-29 at 14.07.55_c3b45ed4

هاکان فیدان: بۆردومانکردنی وڵاتانی کەنداو لەلایەن ئێرانەوە مەترسییەکانی ناوچەکەی زیاتر کردووە

هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا scaled

لڤین

وەزیری دەرەوەی تورکیا وردەکاریی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی وڵاتەکەی و وڵاتانی کەنداو بۆ ڕێگریگرتن لە جەنگ ئاشکرا دەکات و ڕەخنە لە “ستراتیژییەتی هەڵەی تاران” دەگرێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێیدا.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا لە شەوی 3-3-2026 ڕایگەیاند، وڵاتانی کەنداو هەوڵێکی زۆریان دا بۆ ئەوەی جەنگ ڕوونەدات، بەڵام ئێران بێ جیاوازی هەریەکە لە عومان، قەتەر، کوێت، بەحرێن، سعودیە و ئوردنی بۆردومان کرد. فیدان ئەم کارەی تارانی بە “ستراتیژییەتێکی زۆر هەڵە” ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد کە فەلسەفەی “ئەگەر من تیا بچم، با هەمووان تیا بچن” مەترسییەکانی ناوچەکە زیاتر دەکات.

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد کە لە مانگی کانوونی دووەمی ڕابردوو زەنگی جەنگ لێدراوە و لە 27ی مانگدا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی مێژوویی لە نێوان ئەردۆغان و دۆناڵد ترەمپ ئەنجامدراوە. فیدان ئاشکرای کرد کە ئەوکات ئەمریکا لە سەروبەندی بڕیاردان بووە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران و تورکیا هەوڵە کانی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە چڕ کردووەتەوە.

لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ عەباس عێراقچی لە 30ی مانگ لە ئیستانبوڵ، هاکان فیدان پێشنیازی شێوازێکی چارەسەری بۆ ئەمریکییەکان کردووە. فیدان پێشنیازی کردووە ئەو 4 بابەتەی ئەمریکا دەیەوێت بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، بکرێنە دوو بەش؛ دوو بابەتیان ئەمریکا لەگەڵ تاران باسی بکات و دووانەکەی دیکە وڵاتانی ناوچەکە لەگەڵ ئێران تاوتوێی بکەن. فیدان دەڵێت ئەمریکییەکان بەم پێشنیازە ڕازی بوون، بەڵام عێراقچی گەڕاوەتەوە بۆ تاران تاوەکو لەگەڵ ناوەند ڕاوێژ بکات.

هاکان فیدان باسی لەوە کرد کە ویستی تاران و واشنتن بۆ چارەسەر جیاواز بووە، بەڵام دەکرا لە پرسی بەرنامەی ئەتۆمیدا بگەنە ئەنجامێک. وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی کردەوە کە یەکێک لە ڕێگرە سەرەکییەکان بۆ نەگەیشتنە ڕێککەوتن، هەبوونی فشارێکی زۆر جیدیی ئیسرائیل بووە لەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

وەزیری دەرەوەی تورکیا پێشبینی دەکات سەرکردایەتیی نوێی ئێران سیاسەتێکی نەرمتر پەیڕەو بکات و داوای کرد تاران هاوکێشەکان هاوسەنگ بکاتەوە، چونکە بەردەوامبوونی جەنگ زیانی گەورەتری دەبێت. فیدان لە کۆتاییدا دڵنیایی دا کە سنوورەکانی تورکیا تۆکمەن و هێزەکانیان بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکەیان.

لڤین پرێس
WhatsApp Image at PM
WhatsApp Image at PM
Scroll to Top