لڤین
ڕەزا پەهلەوی، کوڕی دوایین شای ئێران، لە کاردانەوەیەکدا دژی هاوپەیمانیی نوێی حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکپارچەیی خاکی ئێرانی بە هێڵی سوور ناوبرد و هەڕەشەی بەکارهێنانی سوپای کرد؛ لە بەرامبەردا سکرتێری گشتیی کۆمەڵە جەخت دەکاتەوە، پەهلەوی ناتوانێت نەتەوەی کورد لەناوببات.
ڕەزا پەهلەوی، کە لە ئەمریکا نیشتەجێیە، ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەند گرووپێکی “جوداخواز” کە هەندێکیان پێشینەی هاوکارییان لەگەڵ خومەینی و سەددام هەبووە، بانگەشەی بێمانایان سەبارەت بە یەکپارچەیی خاکی ئێران کردووە. ناوبراو جەختی کردەوە کە پاراستنی یەکپارچەیی خاک پرەنسیپێکی پێشێلنەکراوە و لەسەری لەگەڵ هیچ لایەنێک دانوستان و سازش ناکەن. پەهلەوی ئاماژەی بەوەش کرد کە یەکپارچەیی خاک هێڵی سووری ئەوانە و هەر لایەنێک ئەم هێڵە ببزێوێت، ڕووبەڕووی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە دەبێتەوە.
کوڕی دوایین شای ئێران، لە ڕاگەیێندراوەکەیدا هەڕەشەی ڕاستەوخۆی بەکارهێنانی هێزی کرد و گوتی، لە هەفتەکانی داهاتوودا کە کۆماری ئیسلامی لەناودەچێت، چاوەڕوان دەکرێت سوپای ئێران ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرانەی خۆی لە بەرامبەر “جوداخوازان” جێبەجێ بکات. ئەم لێدوانە وەک ئاماژەیەک بۆ ئامادەکاریی سەربازی دژی بزووتنەوەی کوردی لە قۆناغی دوای گۆڕانکارییە سیاسییەکان لە تاران لێکدرایەوە.
عەبدوڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، لە وەڵامێکدا ڕایگەیاند، ڕەزا پەهلەوی بەناوی سوپایەکەوە کە هێشتا بوونی نییە، هەڕەشەی سەرکوتکردنی کورد دەکات و ئەو کارە بە “ئەرکێکی نەتەوەیی” ناودەبات. موهتەدی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم جۆرە گوتارانە نەک هەر یارمەتیی یەکگرتوویی نادەن، بەڵکو بە لێدانی دەرزیی ڕق و کینە، هاودەنگیی نێوان پێکهاتەکانی ئێران لەناو دەبەن.
سکرتێری گشتیی کۆمەڵە ڕوو لە ڕەزا پەهلەوی گوتی، باوک و باپیرانیشی لە ڕابردوودا بە هەموو هێز، سێدارە و فێڵەکانیانەوە نەیانتوانی نەتەوەی کورد لەناوببەن، بۆیە ئەویش ناتوانێت ئەو ئامانجە بپێکێت. ئەم ئاڵۆزییە زارەکییە دوای ئەوە دێت کە لە 22ـی شوباتی 2026، پێنج حیزبی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (PAK، PJAK، PDKI، خەبات و کۆمەڵە) هاوپەیمانییەکی سیاسیی فەرمییان بۆ هەماهەنگی لە قۆناغی داهاتوودا ڕاگەیاند.













