لڤین
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بەبۆنەی هاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزەوە کۆمەڵێک بڕیاری نوێی دەرکرد. وەزارەتەکە ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوە بە پشتبەستن بە ئەرکە دەستووری و یاساییەکانە بۆ پاراستنی دابونەریتی کۆمەڵگە و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی. داواش لە هەموو هاووڵاتیان دەکات ڕێز لە پیرۆزیی ئەم مانگە بگرن و پابەندی ئەو ڕێسایانە بن کە تایبەتمەندییەکانی ڕەمەزان دەپارێزن.
بەپێی بڕیارە نوێیەکانی وەزارەتی ناوخۆ، بە هەموو شێوەیەک خواردن و خواردنەوە بە ئاشکرا لە مانگی ڕەمەزاندا قەدەغە کراوە. وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم ڕەفتارە دەبێتە هۆی بریندارکردنی هەستی ڕۆژووەوانان و پێشێلکردنی پیرۆزیی مانگەکەیە. ئەم قەدەغەکردنە بێ جیاوازی هەموو کەسێک دەگرێتەوە، چ هاووڵاتیی ناوخۆ بن یان کەسانی بیانی، ئەوەش وەک دووپاتکردنەوەی بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر لەناو چینەکانی کۆمەڵگەدا.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا هاتووە، فرۆشتن و دابەشکردنی هەموو جۆرە خواردنەوە کحولییەکان لە مانگی ڕەمەزاندا بە تەواوی قەدەغەیە. وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردەوە کە پێویستە سەرجەم شوێنەکانی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان لەم مانگەدا بە داخراوی بمێننەوە و ڕێگە بە هیچ جۆرە چالاکییەکی لەو شێوەیە نادرێت.
وەزارەتی ناوخۆ بڕیاری دا بە داخستنی چێشتخانە، کافێ، قاوەخانە و یانە کۆمەڵایەتییەکانی ناو هۆتێلەکان لە کاتی مانگی ڕەمەزاندا. تەنیا ئەو شوێنانە دەتوانن کار بکەن کە بە فەرمی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە ڕێگەیان پێدراوە. ئەو شوێنە ڕێگەپێدراوانەش پێویستە پابەندی کاتی دیاریکراو بن، کە تەنیا لە دوای بانگی مەغریب تاوەکو کاتی نوێژی بەیانی ڕێگەی کارکردنیان پێ دەدرێت.

















