لڤین
ئیلهام ئەحمەد دەڵێت کورد پێویستی بە هاوپەیمانییەتی کاریگەر هەیە لە ناوچەکە ئەو لایەنە ئیسرائیل بێت یان هەر لایەنێکی دیکە، چونکە کورد بە ئاشکرا ڕووبەڕووی قڕکردن دەبێتەوە و ئاگربەست ناتوانێت ڕۆڵی تەواوی هەبێت.
ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەری خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان لە دیدارێکی میدیاییدا لەگەڵ کەناڵێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند: کورد پێویستی بە هاوپەیمانییەتییەکی سەرەکی و بەهێز هەیە بۆ پاراستنی خۆی، جا ئەو لایەنە ئیسرائیل بێت یان هەر لایەک کە ئامادەی ڕێککەوتن بێت لەگەڵ کورد.
وتیشی، کورد بە ئاشکرا قڕدەکرێت و کۆمەڵکوژ دەکرێت ئاگربەست و ڕێککەوتنەکان نەیانتوانیوە ببنە ڕێگر لەبەردەم دەستدرێژیکردنە سەر کورد و کوردستان، چونکە ئەوەی لەسەر زەوییەنەی ڕاستی ڕوودەدات جیاوازە لەوەی لە ئاگربەستەکاندا هەیە، بۆیە دەبێت کورد هۆشیارانە مامەڵە بکات و بزانێت پەیوەندیی لەگەڵ کێ دەبەستێت، چونکە دوای ئەو هەموو شەهید و قوربانییەی بە درێژایی مێژوو داومانە هێشتا ستەم بەرامبەرمان بەردەوامە و دەبێت بیر لە چارەسەری دیکە بکەینەوە..













