لڤین
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرایکردووە، واشنتن پێشنیازی چوونە تورکیا و جێهێشتنی ڤەنزوێلای بۆ نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی دەستگیرکراوی وڵاتەکە کردووە، بەڵام ناوبراو ڕەتیکردووەتەوە بۆیە دۆناڵد ترەمپ فەرمانی ئۆپراسیۆنی داوە.
ڕۆژنامەکە بە پشتبەستن بە کاربەدەستێکی وڵاتەکە، نووسیویەتی ئیدارەی ترەمپ لە 23ـی کانوونی یەکەمدا پێشنیازی بۆ مادورۆ کردووە، پۆستەکەی جێبهێڵێت و بچێتە تورکیا، بەڵام مادورۆ ڕەتیکردووەتەوە، هەربۆیە ترەمپ لە 25ـی هەمان مانگدا، فەرمانی بە ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی داوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئەگەر بهاتایە و مادورۆ بە پێشنیازەکەی واشنتن قایل بووایە، ئەمریکا ئۆپراسیۆنی هەڵکوتانە سەر ڤەنزوێلای ڕادەگرت، بەڵام ناوبراو بە توڕەیی ئەو پێشنیازەی ڕەتکردووەتەوە.
ڕۆژنامەکە ئەوەشی نووسیوە، بەر لە ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی مادورۆ، تیمەکانی دەزگای سی ئای ئەی، دەستیان بە کۆکردنەوەی زانیاری کردووە و وردەکاری تەواوەتییان لەبارەی ژیانی ڕۆژانەی سەرۆکە دەستگیرکراوەکە هەبووە.













