لڤین
قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لەگەڵ نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کۆبووەوە و جەختی کردەوە لەسەر زوو پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەل.
بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە راگەیەندراوێکدا ناوەڕۆکى کۆبونەوەى بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی لە خەزعەلی کردووە و ئەم هەڵبژاردنەی بە “یەکێک لە ئەزموونە سەرکەتووەکانی دیموکراسی لە ناوچەکە نابردووە”.
لەو کۆبوونەوەیەدا قەیس خەزعەلی جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی پارێزگاری لە سەقامگیری سیاسی، ئەوەش لەڕێگەی خێراکردنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و پابەندبوون بە هەڵبژاردەی گەل و ڕێزگرتن لە ئیدارەی گەل.
هەروەها خەزعەلی ستایشی ئەو ڕۆڵەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە دەیگێڕیت بۆ پاڵپشتی کردنی ڕێڕەوی دیموکراسی لە ناوخۆی وڵاتەکەدا.
لەبەرامبەردا، باڵیۆزی ئیتتاڵیا لە عێراق، پێزانینی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن بە شەفافی دەربڕیوە و جەختی کردووەتەوە، لە بەردەوامی هەماهەنگی نێوان هەردوولا بەجۆرێک خزمەت بە سەقامگیری و بەرژەوەندی هاوبەشی عێراق و ئیتاڵیا بکات.

















