لڤین
مارک ساڤایا، نێردەى سەرۆکى ئەمریکا بۆ عێراق، ڕایگەیاند، پێشوازى لە ڕێککەوتنى نێوان عێراق و تورکیا دەکات، کە لە بوارى بەڕێوەبردنى ئاودا کردوویانە.
مارک ساڤایا، لە ڕاگەیێندراوێکدا کە لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس بڵاویکردووەتەوە، تیایدا هاتووە، پێشوازى لە ڕێککەوتنى ستراتیجی نێوان عێراق و تورکیا دەکات، کە لەبوارى بەڕێوەبردنى ئاو و چارەسەرى ئەو دۆسییە بەردەوامانەى لە بەڕێوەبردنى ئاو لە نێوانیانداهەبووە، واژۆیانکردووە.
نێردەى سەرۆکى ئەمریکا بۆ عێراق، ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو ڕێککەوتنە گرەنتى چەند خاڵێک دەکات، لەوانە، پابەندبوونى تورکیا بە بەردانەوەى بەشە ئاوى خۆى بۆ عێراق و سەرنج خستنەسەر بەڕێوەبردنى سەرچاوەکانى ئاو و بەکارهێنانى لەلایەن عێراقەوە، هەروەها ڕێگەدان بە کۆمپانیا تورکییەکان، بە جێبەجێ کردنى پڕۆژە ئاوییەکانى وەک دروستکردنى بەنداو و بەڕێوەبردنى ئاو، کە بۆ ماوەى 10 ساڵ، ئەو ڕێککەوتنە کارى پێدەکرێت و دەکرێت ساڵانەش نوێ بکرێتەوە.
مارک ساڤایا، جەختیشیکردەوە، ئەو ڕێککەوتنە هەنگاوێکى گرنگە بۆ پەرەپێدانى هاریکاریى هەرێمی و گرەنتى گەیشتنى بەردەوام بە سەرچاوە ئاوییەکان، کە پێویستن بۆ ژیانى ملیۆنان عێراقی کە بەهۆى وشکەساڵى و کەمى ئاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ئەوەشى خستوەتەڕوو، ئەمریکا پابەندبوونى خۆى بۆ هاریکارى عێراق و گەلەکەى، دووپات دەکاتەوە، لەپێناو سەقامگیریی زیاتر و خۆشگوزەرانیی و ژینگەیەکى گونجاودا.
ڕۆژی یەکشەممە، 2ـى تشرینی دووەمی 2025، بە سەرپەرشتیی محەممەد شیاع سوودانی، وەزیرانی دەرەوەی عێراق و تورکیا، ڕێککەوتنی هاریکاری و بەڕێوەبردنى ئاویان لە نێوان هەردوو وڵات واژۆکرد.

















