لڤین پرێس – Lvin Press

AD-Asiacell
AD-Asiacell
WhatsApp Image 2024-08-29 at 14.07.55_c3b45ed4
WhatsApp Image 2024-08-29 at 14.07.55_c3b45ed4

پەکەکە هەنگاوێکی دیکە بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیی دەنێت

ئەندامانی پەکەکە AP

لڤین

میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بڵاویانکردەوە کە بڕیارە سبەی، ئەندامانی پارتەکە هەنگاوێکی دیکەی مێژوویی لە چوارچێوەی بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پەکەکەدا بنێن. ڕاشیانگەیاندووە کە وردەکاریی هەنگاوەکە لە ڕێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەن.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەناڵ8 لە چەند سەرچاوەیەکەوە دەستی کەوتووە، پێشبینی دەکرێت هەنگاوە نوێیەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان بریتی بێت لە چۆڵکردنی چەند بنکە و بارەگایەکی لە ناوچە جیاوازەکاندا.

ئەم هەنگاوە نوێیە درێژکراوەی ئەو بڕیارانەیە کە لە کۆنگرەی 12ی پەکەکەدا لەسەر بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دران، کە تێیدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە چالاکییەکان بەو ناوەوە درا.

هەنگاوی یەکەمی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانە لە ڕۆژی 11ی تەمموزی 2025 بوو، کاتێک گرووپێکی 30 کەسیی لە ئەندامانی پەکەکە لە شارۆچکەی دوکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، چەکەکانیان سووتاند.

لە بەرامبەردا و دوای هەنگاوی چەکدانانی پەکەکە، پەرلەمانی تورکیا کۆمیسیۆنێکی بە ناوی “یەکێتیی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسی” پێکهێنا، کە زۆربەی پارتە سیاسییەکانی تورکیا تێیدا بەشدارن. ئەم کۆمیسیۆنە ماوەی نزیکەی سێ مانگە لە کۆبوونەوەدایە و گوێ لە لایەنەکان دەگرێت. بڕیارە لە کۆتاییدا ڕاپۆرتێک ئامادە بکات کە کۆمەڵێک پێشنیاز بۆ هەموارکردنەوەی چەند یاسایەک لەخۆبگرێت و پێشکەشی پەرلەمانی بکات.

بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە لێدوانەکانیاندا بەردەوام جەختیان لەوە کردووەتەوە کە ئەوان ئەرکی خۆیان بەجێهێناوە. بە بڕوای ئەوان، هەنگاوەکانی داهاتوو و پرسی هەموارکردنەوەی یاساکان، ئێستا پەیوەستە بە حکومەتی تورکیاوە و تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەواندایە.

لڤین پرێس
WhatsApp Image at PM
WhatsApp Image at PM
Scroll to Top