لڤین
سبەی هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) سەردانی هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکانی پێشووتری هەدەپە دەکەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی پارتی دەم، سبەی کاتژمێر 10:00 تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتەکە، سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش لە گرتووخانەی ئەدیرنە دەکەن و دوای سەردانەکەش لە کاتژمێر 12:00دا لەبەردەم گرتووخانەکە، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی سازدەکەن.
هەر سبەی کاتژمێر 14:30 هاتیمئۆغوڵڵاری و باکرهان سەردانی فیگەن یوکسەکداغ لە گرتووخانەی کاندرا دەکەن.
چاوەڕواندەکرێت لە سەردانەکانیاندا هاوسەرۆکانی پارتی دەم، باسی دوایین پێشهاتەکان و ئەو هەنگاوانە بکەن کە لەچوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا تاوەکو ئێستا هاوێژراون.
یوکسەکداغ و دەمیرتاش، هاوسەرۆکانی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ماوەی نۆ ساڵە دەستبەسەرن و لە “دۆسیەی پیلانگێڕیی کۆبانێدا” یوکسەکداغ بە 30 ساڵ و دەمیرتاش بە 42 ساڵ زیندانییکردن سزادراوە.













