ئاژانسی هەواڵی ” بلومبێرگ” لەزاری بەرپرسانی توركیاوە بڵاویكردووەتەوە: ئەنكەرە بەنیازە کەرەستەی سەربازی بۆ سوریا دابین بکات و رێککەوتنێک ئەنجام بدات کە ڕێگەی پێبدات ئەو چەکدارە کوردانە بکاتە ئامانج کە بەدرێژایی سنوری سوریا ئامادەییان هەیە.
پلانەکە خۆی لە دابینكردنی ئۆتۆمبیلی زرێپۆش و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپهاوێژ و موشەک و سیستەمی بەرگری ئاسمانیدا دەبینێتەوە لە چەند هەفتەی داهاتوودا، ئەو كەرەستانەش لە باکوری سوریا جێگیر دەکرێت بۆ خۆ بەدوور گرتن لە ئاڵۆزی لەگەڵ ئیسرائیل لە باشوری رۆژئاوای سوریا.
بەگوێرەی راپۆرتەكەی بلومبێرگ، ئەو هاوكارییە سەربازییەی تورکیا پلانی بۆ داناوە، مەبەست لێی پاڵپشتی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریایە، کە لە هەوڵی هەوڵی یەکخستنی وڵاتەکەیە لەژێر سەرکردایەتی خۆیداو پێشبینی دەکرێت ئەو هاوكارییە سەربازییانە یارمەتی شەرع بدات بۆ دووبارە بونیاتنانەوەی هێزی سەربازیی ئەو وڵاتە، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل زۆرینەی جبەخانەی سەربازی سوریای راستەوخۆ دوای رووخانی رژێمی ئەسەد لەناوبرد.
ئەم هەنگاوە ئاماژە بە نیگەرانییەکانی ئەنكەرەش دەكات سەبارەت بە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کە هاوسنورە لەگەڵ تورکیا و لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)داي ە کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت و گروپێكی کاریگەر لەناو ئەو هێزە كە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)یە ، پەیوەستە بە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کە گروپێکی جوداخوازەو ماوەی ٤٠ ساڵ شەڕی ئۆتۆنۆمییان لە دژی تورکیا ئەنجامداوە.
بەوتەی بەرپرسان، تورکیا و سوریا تاوتوێی فراوانکردنی ئەو رێککەوتنێکە ئەمنییان كردووە كە نزیکەی سێ دەیەیە ئەنجامیانداوەو رێگە بە تورکیا دەدات لێدانی ئەو چەکدارە کوردانە بدات كە لە نزیک سنورەکانن، تورکیا دەیەوێت ناوچەی رێگەپێدراو لە ٥ کیلۆمەتری ئێستا بۆ ٣٠ کیلۆمەتر درێژ بکاتەوە.
تورکیا پشت بە شەرع دەبەستێت بۆ بەرەنگاربونەوەی داواکارییەکانی کورد لەبارەی ئۆتۆنۆمی زیاتر، بەتایبەتی لە ناوچەکانی سەر سنور.
هەروەها دەیەوێت سەرۆکی سوریا دەستڕاگەیشتنی هێزەکانی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە کێڵگەكانی نەوت و غاز سنوردار بکات، بەهۆی نیگەرانییەکانی لەبارەی گواستنەوەی پارە بۆ پارتی کرێکارانی کوردستان.













