لڤین
وەزارەتی تەندروستیی غەززە و نەخۆشخانەی نەسڕ لە خان يونس ئاشکرایانکرد، ئيسرائيل تەرمی 30 بارمتەی بۆ ناردوونەتەوە بەوەش کۆی ئەو تەرمانەی لە رۆژی دووشەممەوە گەڕێندراوەتەوە بۆ غەززە گەيشتووەتە 120 تەرم.
ناردنەوەی تەرمی فەڵەستينييەکان بۆ غەززە لەکاتێکدايە لە ماوەی شەڕدا 67 هەزار و 913 کەس لەناو کەرتەکە کوژراون، يەکێک لەو قەيرانانەی فەڵەستينييەکان بەدەستيەوە دەيانناڵاند، پڕبوونی گۆڕستانەکان و نەبوونی شوێنێک بوو بۆ ناشتنی مردووەکان.
بەگوێرەی رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، ئيسرائيل لەبەرامبەر تەرمی هەر بارمتەيەکدا کە حەماس دەينێرێتەوە بۆ تەلئەڤيڤ تەرمی 15 فەڵەستينی دەنێرێتەوە.
درەنگانی رۆژی چوارشەممە، بزووتنەوەی حەماس لە رێگەی خاچی سوورەوە دوو تەرمی ديکەی رادەستی ئيسرائيل کردەوە، ئیسرائيليش ناسنامەکەيانی پشتراستکردەوە.
رۆژی دووشەممە و لەگەڵ دەستپێکی ئاگربەستدا، حەماس 20 بارمتەی زيندوو هەروەها چوار تەرمی رادەستی ئيسرائيل کردەوە، رۆژی سێشەممەش چوار تەرمی ديکەی رادەستکردەوە بەڵام ئيسرائيل رايگەياند يەکێک لە تەرمەکان ئيسرائيلی نەبووە.
ژمارەی ئەو تەرمانەی کە لای حەماسن 28 تەرمن و تاوەکو ئێستا 10 تەرم ڕادەستکراونەتەوە بەو تەرمەشەوە کە ئيسرائيل دەڵێت بارمتەی ئەوان نييە.
لەبەرامبەردا، بەگوێرەی ئاگربەستەکە، ئيسرائيل هەزار و 950 زيندانی ئازادکردووە کە 250 کەسيان سزای زيندانی هەتاهەتای بوون.













