لڤین
پارێزەرانی ئۆجەلان سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە، ئەوەش دووەمین سەردانی پارێزەرانە لە ماوەی مانگێکدا.
نووسینگەی یاسایی سەدە کە پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستانن، ڕایگەیاند، سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کردووە و لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان کۆبوونەتەوە.
پارێزەرانی ئۆجەلان لە ڕاگەیێندراوەکەیاندا، هیچ وردەکارییەکیان لەبارەی ناوەڕۆکى سەردنەکەیان و گفتوگۆکان، بڵاونەکردووەتەوە.
ئەو پارێزەرانەی سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کردووە، پێکهاتوون لە مەزڵوم دینچ، ڕەزان ساریجا، سوزان ئاکیپا و ئەمران ئەمەکچی.
نووسینگەی یاسایی سەدە 15ـی ئەیلولی ئەمساڵ و پاش شەش ساڵ و مانگێک و حەوت رۆژ لە قەدەغەکردن، ڕێگەیان پێدرا سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکەن و لەگەڵ ئۆجەلاندا کۆببنەوە.
لە سەردانی یەکەمدا شاندەکەی نووسینگەی یاسایی سەدە، پێکهاتبوو لە پارێزەران جەنگیز یورەکلی، ڕازییە ئۆزتورک و ئیبراهیم بیلمەز.
دواین سەردانی نووسینگەکە بۆ لای ئۆجەلان پێش پرۆسەکە، لە حەوتی ئابی 2019 بوو، کاتێک ڕەزان ساریجا و نەورۆز ئویساڵ ئاسڵان، چوونە دوورگەی ئیمراڵی.
لە چەند مانگی ڕابردوودا، هەریەک لە پارێزەران ئۆزگور فایەق ئەرۆڵ و جەنگیز چیچەک، چەند جارێک لەگەڵ شاند و کەسوکاری ئۆجەلان، سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کردبوو.
ڕۆژی 23ی تشرینی یەکەمی 2024 و پاش 43 مانگ لە قەدەغەکردنی چاوپێکەوتن و گۆشەگیری، ڕێگە بە دیداری ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی درا و عومەر ئۆجەلان سەردانی مامی کرد. ئەمەش دوای بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە هات، کە داوای کرد سەردانەکان بۆ لای ئۆجەلان دەستپێبکەنەوە و ئۆجەلانیش لە پەرلەمانی تورکیا وتار بدات.













