لڤین پرێس – Lvin Press

AD-Asiacell
AD-Asiacell
WhatsApp Image 2024-08-29 at 14.07.55_c3b45ed4
WhatsApp Image 2024-08-29 at 14.07.55_c3b45ed4

بافڵ تاڵەبانی: رێککەوتن لەگەڵ بەغداد بەرهەمی پشوودرێژیی خەڵکە

81942023 81942023

لڤین

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا بە گەرمی پێشوازیی لە رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکات و پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان دەکات. هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەم دەسکەوتە بەرهەمی پشوودرێژی و خۆڕاگریی ئەوانە.

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، کە هەمیشە باوەڕی تەواویان بە گفتوگۆ و دیالۆگ هەبووە وەک باشترین میکانیزم بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان. لە پەیامەکەیدا هاتووە: “هەمیشە باوەڕمان وابووە و داکۆکیش لەسەر ئەوە دەکەین کە دیالۆگ و گفتوگۆ باشترین چارەسەرە بۆ گەیشتن بە ئەنجامی دڵخواز لە بەرژەوەندی هاوڵاتییانمان.”

بافڵ جەلال تاڵەبانی هیواخوازە کە ئەم رێککەوتنە ببێتە دەروازەیەک بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵکی کوردستان و کۆتایی بە نادادپەروەری بهێنێت لە دابەشکردنی داهاتی گشتیی وڵاتدا. تاڵەبانی داوا دەکات کە چیتر ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان پشتگوێ نەخرێن و بە تەواوی و بەپێی ئەوەی لە دەستووردا جێگیر کراوە رادەست بکرێن.

سەرۆکی یەکێتی روونیکردەوە، کە چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکان لە بەغدادە و ئەوان بە بایەخەوە لەم پەیوەندییە ستراتیژییە دەڕوانن. وتی: “ئێمە قوڵایی ستراتیجی چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەغداد دەبینین و لەو رێگایەوە دەتوانین خزمەتی خەڵک و هەرێمەکەمان بکەین.”

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و دەستخۆشی خۆی ئاراستەی هەموو ئەو کەس و لایەنانە کرد، کە بە هەر شێوەیەک بووبێت، هاوکار و پشتیوان بوون بۆ گەیشتن بەم رێککەوتنە و سەرخستنی پرۆسەکە.

لڤین پرێس
WhatsApp Image at PM
WhatsApp Image at PM
Scroll to Top