لڤین
عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامێکی ئاڕاستەی فێستیڤاڵی کولتووریی کورد لە شاری دۆرتمۆندی ئەڵمانیا کرد و رایگەیاند، “ئەو دەمەی پێکەوەین هیچ هێزێک ناتوانێت بمانوەستێنێت و پێویستە ئامانجی سەرەکیشمان تێکۆشان بێت لەسەر خاکی خۆمان” و لەبارەی پرۆسەی ئاشتییەوە گوتی، “ئەم پرۆسەیە سەرلەنوێ هەمووان بە ریشە و خاک و یادگەیانەوە گرێدەداتەوە”.
عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە پەیامێکی ئاڕاستەی 33یەمین فێستیڤاڵی کولتووریی کورد لە دۆرتمۆند کرد و رایگەیاند، “ئەو دەمەی پێکەوەین، لە تاراوگە بێت، یان وڵات، هیچ هێزێک ناتوانێت بمانوەستێنێت”.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، “ئێوەی ئەوروپانشین، بەهۆی ناچاریی و فشارەوە رووتانکردووەتە ئەوێ، بە بەرەوپێشچوونی ئەو پرۆسەیەی دەستمان پێکردووە، گەڕانەوەی ئێوە بۆ وڵات، دەبێتە دەروازەی سەرەتایەکی نوێ”.
عەبدوڵا ئۆجەلان باسلەوەشدەکات، بۆ بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لە وڵاتەکەیاندا، پێویستیان بە ئەزموون و پشتیوانیی کوردانی تاراوگەیە.
بەگوتەی ئۆجەلان، ئەو پرۆسەیەی هەوڵی بەرەوپێشبردنی دەدەن، سەرلەنوێ هەموویان بە ریشە و خاک و یادگەیانەوە گرێدەداتەوە.
رێبەری پەکەکە ئاشکرایدەکات، “لەڕێگەی سیاسەتی بە ئەنقەست و مەبەستدارەوە، هەوڵدەدرێت گەنجان ئاڕاستەی دەرەوەی وڵات بکەن، بۆیە پێویستە ئامانجی سەرەکیمان تێکۆشان بێت لەسەر خاکی خۆمان”.
ئۆجەلان لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختلەوەدەکاتەوە، “ئەو دەمەی پێکەوەن، لە تاراوگە بێت یان وڵات، هیچ هێزێک ناتوانێت ئەم رێپێوانە بوەستێنێت. هەرکات ئەو میراتە کولتووری و سیاسییەی ئێوە ئافراندووتانە، لەگەڵ ئەم تێکۆشانەدا یەکبگرێت کە ئێمە پەرەی پێ دەدەین، ئەوکات سەردەمێکی نوێ لەسەر رێگەی ئازادی و دیموکراسی دەستپێدەکات”.













