لڤین پرێس – Lvin Press

AD-Asiacell
AD-Asiacell
WhatsApp Image 2024-08-29 at 14.07.55_c3b45ed4
WhatsApp Image 2024-08-29 at 14.07.55_c3b45ed4

ترەمپ: بۆ کۆتایهاتن بە جەنگی ئۆکرانیا نەوتی رووسیا نەکڕن و باج بخەنە چین

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا. فۆتۆ AFP

لڤین

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، بۆ دروستکردنی فشار لەسەر رووسیا و راگرتنی جەنگی ئۆکرانیا، پێشنیازی راگرتنی کڕینی نەوتی رووسیا و سەپاندنی باج بە سەر کاڵای چینیدا  بۆ وڵاتانی ئەندامی ناتۆ دەکات.

لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، سەری سوڕماوە لەوەی تاوەکو ئێستا بەشێک لە وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ، نەوتی رووسیا دەکڕن، ئەوەش پێگەی ئەوانی بەرامبەر رووسیا لاوازکردووە و دەسەڵاتی زیاتری داوەتە رووسیا بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا.

ترەمپ ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، ئەگەر وڵاتانی ئەندامی ناتۆ خۆیان کڕینی نەوت رابگرن و لەسەدا 50 بۆ لەسەدا 100 باجی گومرگی لەسەر کاڵای چینی زیادبکەن. لەبەرئەوەی نەوت لە رووسیا دەکڕێت، مۆسکۆ کۆتایی بە جەنگ دەهێنێت.

لە  2023ەوە تورکیا کە ئەندامی ناتۆیەوە، پاش چین و هیندستان، گەورەترین کڕیاری نەوتی رووسیایە و پاش ئەویش، هەریەک لە وڵاتانی هەنگاریا و سلۆڤاکیا وەک دوو ئەندامی ناتۆ، بە رێژەی کەمتر نەوتی رووسیا دەکڕن.

ئەو هەنگاوەی ئەمريکا دوای ئەوەدێت، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، چەند درۆنێکی رووسیا سنووری ئاسمانی پۆڵەندایان بڕی و وڵاتانی ئەوروپا و هاوپەیمانی ناتۆش هەنگاوەکەیان بە پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ سەروەری خاکی وڵاتەکانیان لەقەڵەمدا.

ترەمپ دەشڵێت، چین کاریگەرییەکی زۆری لەسەر رووسیا هەیە، ئەگەر بە سەپاندنی باجی زۆر فشار لەچین بکرێت، هاوکێشەکە کاریگەری زۆری لەسەر هەڵوێستی مۆسکۆ دەبێت.

پێشتریش ترەمپ، هەریەک لە جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی بۆ هۆکاری هەڵگیرساندنی جەنگی ئۆکرانیا لەقەڵەمدا، بەبێ ئەوەی ناوی ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا بهێنێت، کە دەستپێشخەریی کرد لە ئەنجامدانی ‌هێرش بۆسەر ئۆکرانیا.

لڤین پرێس
WhatsApp Image at PM
WhatsApp Image at PM
Scroll to Top