لڤین
بەپێی ڕاگەیاندراوی هەڵمەتی”سێشەمەکانی نا بۆ لەسێدارەدان”، لە ماوەی هەژدە ڕۆژدا ٩٢ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون، دەشڵێن، هاوڵاتیان لە بەرانبەر لەسێدارەدانی مێهران بەهرامیان بێدەنگ نابن و بەرخۆدان بەردەوام دەبێت.
هەڵمەتی”سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” لە هەفتەی ٨٥هەمین هەڵمەتی خۆیدا دژ بە سزای لەسێدارەدان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە ماوەی هەژدە ڕۆژدا ٩٢ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لەسێدارە دراون کە چوار کەسیان ژنن، کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا ژمارەی لەسێدارەدان گەیشتووەتە ٧٥٦ کەس.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەلەسێدارەدانی نامرۆڤانەی مێهران بەهرامیان زیندانی سیاسیی لە زیندانی ئەسفەهان، نەک تەنها کەسێکی لە ژیانکردن بێبەش کرد، بەڵکوو بووە هۆی هەڵگیرساندنی تورەیی و ناڕەزایەتی هاوڵاتیان لە بەرانبەر ئەو تاوانە و تا وەرگرتنەوەی مافەکانیان لە تێکۆشان و بەرخۆدانەکانیان بەردەوام دەبن.
لە ڕاگەیاندراوەکەی هەڵمەتی “سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” دا هاتووە، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و ئازادیخوازان و چالاکوانان دەكەین دژی سزای لەسێدارەدان بووەستنەوە .
جێگای ئاماژەیە، هەڵمەتی“سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان” لە ٩ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ وەک ناڕەزایەتییەک دژی لەسێدارەدانی دەستبەسەرکراوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دامەزرا، کە هەموو ڕۆژانی سێشەممەیەك ئەندامانی هەڵمەتەکە دەست بە مانگرتن لە خواردن دەکەن.













