لڤین
لە رووداوێکدا کە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە شاری ئیزمیری هەژاند، خوێندکارێکی تەمەن 16 ساڵ هێرشی کردە سەر بنکەیەکی پۆلیس و بەهۆیەوە دوو پۆلیسی ئەرک بەجێهێنەر گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش برینداربوون. یەکێک لە بریندارەکان باری تەندروستی ناجێگیرە.
کاتژمێر 08:50 خولەکی بەیانی، هێرشکارەکە، کە ناسنامەکەی وەک خوێندکارێکی پۆلی سێیەمی دواناوەندی ئاشکرا کراوە، بە چەکی تاپڕ هەڵیکوتایە سەر بنکەیەکی پۆلیس لە شارەکە. عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، پشتڕاستی کردەوە، کە لە ئەنجامی ئەم هێرشەدا “دوو پۆلیس شەهید بوون و دوو پۆلیسی دیکە بریندار بوون”.
بەپێی گوتەی پارێزگاری ئیزمیر، سولەیمان ئەلبان، هێرشکارەکە هیچ پێشینەیەکی تاوانکاریی نەبووە و خەڵکی هەمان گەڕەک بووە، کە بنکە پۆلیسەکەی لێیە. هێشتا هۆکاری پشت ئەم هێرشە چاوەڕواننەکراوە نادیارە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ زانینی پاڵنەرەکانی.
لە دیمەنە تۆمارکراوەکاندا دەردەکەوێت، هێرشکارەکە بە تاپڕەکەی یەکەم پۆلیس دەکاتە ئامانج و دواتر پۆلیسی دووەمیش دەکوژێت، پاشان دوو پۆلیسی دیکەش بریندار دەکات. دوای ئەم رووداوە، هێزە ئەمنییەکان دەستبەجێ رووبەڕووی بوونەتەوە و توانیویانە بە برینداری دەستگیری بکەن.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاندووە، شەش داواکاری گشتی بۆ لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی رووداوەکە ئەرکدار کراون. لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاشکرایان کردووە، کە چەکی تاپڕەکە هی باوکی هێرشکارەکەیە و نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر کڕدراوە.
“ئەم رووداوە دڵتەزێنە” پرسیاری زۆری لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دۆخی دەروونی گەنجان لە وڵاتدا دروست کردووە.













