لڤین
بزووتنەوەى گۆڕان رایگەیاند، سەرەڕاى ئەو کێشە و ئاستەنگە سیاسیی و یاساییانەى بۆ بزووتنەوەکە دروستکراوە، توانیویانە بەسەر لەمپەرەکاندا زاڵبن و بۆ داهاتووش بەرنامەى خۆ رێکخستنەوە دەخەنە بوارى جێبەجێکردنەوە.
دواى کۆبوونەوەى هەردوو جڤاتى گشتى و نیشتمانى، بزووتنەوەى گۆڕان لە راگەیەندراوێکدا لەبارەى دۆخى هەرێمى کوردستانەوە ئاماژەى بۆ ئەوە کردووە، لەسەر بنچینەی دەستووری هەمیشەیی عێراق و پاراستی مافەکانی هەرێمى کوردستان و شایستە داراییەکان، جەخت لە چارەسەرى ریشەیی کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەند دەکەنەوە.
بزووتنەوەى گۆڕان، لە راگەیەندراوەکەیدا جەختیکردووەتەوە، هەرێمی کوردستان لە بازنەی قەیرانەکان دەرناچێت، ئەگەر بەخۆداچوونەوەیەکی ریشەیی لە شێوازی حوکمڕانی لە ناوخۆ و دەرەوەی خۆی نەکات، بەر لە هەر هەنگاوێک؛ زیادبوونی هەژموونی حیزبی و بڕیاری حیزبی بەسەر دامەزراوە شەرعییەکاندا، گەورەترین مەترسییە لەسەر چارەنووسی ئێستا و داهاتووی هەرێمى کوردستان.
داواشیکردووە، پەلەبکرێت لە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و بەهێزکردنەوەی دامەزراوە دەستوورییەکان.
بزووتنەوەى گۆڕان، دەشڵێت، پێویستە گوتارێکی نیشتمانیی جێگەی گوتاری حیزبی بگرێتەوە، ئەم گوتارەش لەسەر بنچینەی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان و کورد لەناوچەکە دابڕێژرێت.
داواشدەکات “ئێستا لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە هێزێکی نیشتمانی و یەکگرتووە، کە لە ئاست چاوەڕوانیەکان و قوربانیدانى خەڵکی کوردستان بێت”.













