لڤین
محەمەد شیاع سودانى سەرۆکوەزیرانى عێراق، لەگەڵ ئەدمیراڵ براد کروپەر، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانى ئەمریکا و کاربەڕێکەرى باڵیۆزخانەى ئەو وڵاتە لە عێراق کۆبووەوە و لەکۆبوونەوەکەدا جەخت لە جێبەجێکردنى یاداشت و رێککەوتنە ئەمنییەکانى نێوان هەردوو وڵات کرایەوە.
بەگوێرەى راگەیەندراوێکى نووسینگەى سودانى، لە کۆبوونەوەکە باس لە چەند پرسێکى ئەمنى و سەربازى لە نێوان هەردوولا کراوە، لەگەڵ چاودێریکردنى جێبەجێکردنى راگەیەندراوى هاوبەشى نێوان هەردوو وڵات، لە ئەیلولى 2024 و جەخت لە جێبەجێکردنى سەرجەم بڕگە و ماددەکانى رێککەوتنەکە کراوەتەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسلەوەکراوە، گفتوگۆکانیان بەردەوامبێت بۆئەوەى هاوکاریی ئەمنیی لەنێوان هەردوولا بەردەوامبێت، سودانى جەختى لەسەر ئەوەکردووەتەوە، پەیوەندییە دوولایەنەکانى نێوان ئەمریکا و عێراق لە بەرژەوەندیی نێوان هەردوو وڵاتە.
بەگوێرەى رێککەوتنى ئەمنیی نێوان ئەمریکا و عێراق، لەم مانگەدا بەشێک لە هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق دەکشێنەوە و لە مانگى ئەیلولى ساڵى 2026 سەرجەم هێزەکانى ئەمریکا کە لەچوارچێوەى هاوپەیمانیی نێودەوڵەتى شەڕى دژى داعشن، عێراق بەجێدەھێڵن و پەیوەندیی عێراق بەو وڵاتانە دەبێتە پەیوەندیی دوو لایەنە.













