لڤین
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، دەبێت مافی کورد لە سووریا مسۆگەر بکرێت و وڵاتەکە بە هاوبەشیی هەموولایەک بەڕێوەببرێت و داوایکرد حکومەتی دیمەشق نوێنەرایەتیی سەرجەم پێکهاتەکان بکات.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشوازی لە غەریب حەسۆ، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا نوێترین پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا گفتوگۆیان لەبارەوەکراوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کوردانی رۆژئاوای کوردستان دووپاتکردەوە و رایگەیاندووە، دەبێت مافی کورد لە سووریای نوێدا مسۆگەربێت و وڵاتەکە بە هاوبەشیی هەموولایەک بەڕێوەبچێت و حکومەتی سووریا نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان بکات.
شاندەکەی پەیەدە، سڵاوی مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەی بە سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان گەیاندووە و پشتیوانی پەیەدە و هەسەدەی جارێکی دیکە بۆی دووپاتکردەوە.













