لڤین
ژان نوێل بارۆن، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ئەمڕۆ پەیوەندی بە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)ـەوە كردوە و داوای دۆزینەوەی چارەسەرێكی ئاشتیانە بۆ یەكخستنی سوریا و زامنكردنی مافەكانی كورد دەكات لەڕێگەی دیالۆگەوە
وەزارەتی دەرەوەی فرەنسا ئەمڕۆ هەینی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای كۆبونەوەی ئەمڕۆی وەزیری دەرەوەی فرەنسا و ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سوریا و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا کۆبوەوە، ژان نۆوێل بارۆ، پەیوەندیی بە جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەوە کرد.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە داهاتویەکی نزیکدا و لە پاریس، دانوستاندن لەنێوان حکومەتی كاتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجام دەدرێت، بە ئامانجی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی 10ی ئازاری نێوان مەزڵوم عەبدی و ئەحمەد شەرع، سەرۆكی كاتی سوریا لەژێر سەرپەرشتیی فرەنسا و ئەمریکادا.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، وەزیری دەرەوەی فڕەنسا پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ چارەسەرێکی ئاشتییانە لە رێگەی دانوستاندنەوە بۆ یەکخستنی سوریا، تێکەڵکردنی دانیشتوانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا بە پڕۆسەی راگوزەری سیاسی و گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی کورد دوپاتکردەوە.
















