لڤین
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی غەززە ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەرتی غەززە بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکييەوە گيانيان لەدەستداوە، گەيشتووەتە 113 کەس.
وەزارەتی تەندروستیی غەززە رايگەياندووە، لە 24 کاتژمێری رابردوودا دوو کەس بەهۆی برسێتييەوە گيانيانلەدەستداوە، دوێنێش وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەکرد، 10 کەس بە هەمان هۆکار گيانيانلەدەستداوە.
بەرنامەی خۆراکی جیهانیی سەربە نەتەوەيەکگرتووەکان رایگەیاندووە، لە هەر سێ کەسێک لە غەززە کەسێک چەند رۆژێک بەبێ نانخواردن بەڕێدەکات و هەزاران کەس لە لێواری برسێتييەکی کارەساتباردان.
لە پاش کۆتايیهاتنی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئيسرائيلەوە لە مانگی ئازاردا، تەلئەڤيڤ رێگری لە چوونی هاوکارييە مرۆييەکان کرد بۆ غەززە، لە مانگی ئايارەوە رێگە بە چوونی ژمارەيەکی سنووردار لە بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی دەدرێت بۆ کەرتەکە.
زۆرينەی چێشتخانەکانی سەربە رێکخراوەکانی نەتەوەيەکگرتووەکانیش رايانگەياندووە، بڕی پێويست خۆراکيان لەبەردەستدانييە تاوەکو ئامادەی بکەن.
















