لڤین
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی هاوبەشی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان كە ئەمڕۆ دووشەممە لە پیرمام بەڕێوەچوو، راگەیەنراوێكی هاوبەشی هەردوولا بڵاوكرایەوە، لە راگەیەنراوەكەدا جەخت لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ چارەسەری كێشە و دابینكردنی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان كرایەوە.
ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەنراوی هاوبەشی كۆبوونەوەی هاوبەشی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتییە:-
ئه مڕۆ 14ی ته مووزی 2025 سەروک مەسعود بارزانی پیشوازی لە بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و شاندی یاوەری کرد و کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئه نجامدرا، سەبارەت به رووداو و پێشهاتەکان و کێشه و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فيدڕاڵ به تایبەتی شایسته داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆ و بیڕوڕاگوړینەوه و لێکدانەوەی هەموو ڕەهەندەکان له رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەردوولا هاوړابوون هەموو هەوڵەكان چڕبکرێتەوه بۆ چارەسەری کێشه و دابینکردنی مووچه و شایسته داراییەکانی هەرێمی کوردستان و تەواوی ئەو هەنگاوانەی پێویستن له چوارچێوەی دەستووردا به ئاراستەی چارەسەرکردن به هاوئاهەنگی هەردوولا بهاوێژرێن.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوه تەرخانبوو بۆ زیاتر پتەوکردنەوەی پەیوەندی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ و ئالەنگارییەکان تێپەڕێنین و پارێزگاری له قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەین.
لێرەدا كۆبوونەوه جەختی لەسەر یەکخستنی هەڵوێستی هەموو لایەنه سیاسییەکانی کوردستان و عێراق کردەوه که هاوکار و پشتیوانبن له چارەسەری ئەم کێشەیه.
















