لڤین
لە هەولێر بە ئامادەبوونى مەسرور بارزانى و قوباد تاڵەبانى و ئەندامانى شاندى دانوستانکارى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کۆبوونەوەیەکى تایبەت بە پرسى مووچە کرا.
بەگوێرەى راگەیەندراوى حکومەتى هەرێمى کوردستان، دوایین هەوڵ و دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هاونیشتمانییان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت تاوتوێکراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە چڕکردنەوەی هەموو هەوڵەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە کرا و لەمبارەیەوە “کۆدەنگیی و هاوهەڵوێستی هەیە بۆ دەستەبەرکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هاونیشتمانییانى کوردستان، کە مافێکی یاسایی و دەستووریی مووچەخۆرانە”.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوەش روونکراوەتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە کاری هاوبەش بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیە، باسلەوەشکراوە، کاریگەری زۆر خراپی کردووەتە سەر بژێویی و بارودۆخی ژیانی مووچەخۆران و هاونیشتمانییان.
ئاماژە بەوەکراوە، بابەتى مووچە لە پێشینەى کارى ئێستای حکومەتە و لەم پێناوەشدا بۆ چارەسەرکردنی لە کاری بەردەوامدایە.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، رەشنووسى هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق لە کۆتایى هەفتەى رابردووەوە دراوەتە لیژنەیەکى وزارى عێراق، کە لەشەش کەس پێکهاتووە، تاوەکو ئێستا یەک کۆبوونەوەی کردووە.
بڕیاریشە سبەى دووشەممە دادگای فیدراڵیی عێراق دادبینى بۆ دوو سکاڵا لەبارەى مووچە دەکات، کە لە سکاڵاکاندا داوا دەکرێت دادگای فیدراڵی فەرمانێکی سالاری بۆ خەرجکردنی مووچە دەربکات.
















