لڤین
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە یەمەنەوە موشەکێک ئاڕاستەی ناوەڕاستی خاکی وڵاتەکەیان کراوە و دانیش بەوەدا دەنێن سەرکەوتوو نەبوون لە خستنەخوارەوەی موشەکەکە پێش ئەوەی لە زەوی بدات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی 14ـى ئیسرائیل، موشەکەکە لە تەلئەڤیڤی پایتەخت کەوتووەتە خوارەوە و بەر پارکێکی گشتی کەوتووە کە بەهۆیەوە 14 کەس بەسوکی برینداربوون.
میدیای ئیسرائیل ئەوەشی ئاشکراکردووە، کەمێک پێش کەوتنەخوارەوەی موشەکەکە، زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە، بەڵام فریانەکەوتوون رێگریی لێبکەن.
ماوەی چەند رۆژێکە ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی چڕ و پڕی بۆسەر ناوچە جیاوازەکانی یەمەن و بەتایبەتیش پێگەی حوسییەکان کە بە نزیک لە ئێران ناودەبرێن، دەستیپێکردووە و ئەوانیش بە موشەک و چەکی جۆراوجۆر وەڵامی ئیسرائیل دەدەنەوە.
پێشتر، حوسییەکانی یەمەن چەندین جار کەشتیگەلی نێودەوڵەتییان لە دەریای سوور بەتایبەتیش کەشتییە بازرگانییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و بەریتانیایان کردووەتە ئامانج و ئەمریکا و بەریتانیاش بەهێرشی ئاسمانی هاوبەش وەڵامیان داونەتەوە.