لڤین
فەرماندەیی گشتیی ئاسایشی ناوخۆ لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە چەند جارێک بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکان و ژمارەیەک دامەزراوەی خزمەتگوزاری و بنکەی تەندروستی بۆردوومان کراون. دەشڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و ١١ـی دیکە بریندار بوون.
فەرماندەیی گشتیی ئاسایشی ناوخۆ لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەشێک لە کێڵگە نەوتییەکان و ژمارەیەک دامەزراوەی خزمەتگوزاری و بنکەی تەندروستی بە چڕی لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومان کراون.
ئاماژە بەوەش کراوە، بۆردوومانەکان لە ئێوارەی دوێنێوە تاوەکو نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەردەوام بوون، بەشێک لەو شوێنانەی بە ئامانج گیرابوون چەند جارێک لەسەر یەک بە چڕی بۆردوومان کراون و لەپاڵ زیانی ماددی، زیانی گیانیشی لێکەوتووەتەوە.
باس لەوەش کراوە، بەهۆی بۆردوومانکردنی ناوچەکانی شەهبا و مەنبەج سێ هاوڵاتی مەدەنی کە دوانیان منداڵ بوون بریندار بوون، هاوکات لە شاری کۆبانیش هەشت کرێکار بریندار بوون و کرێکارێکی دیکەش گیانی لەدەستدا.