لڤین
بەڕێوەبەرى دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان، رایگەیاند، 97 هەزار و 500 کارتی دەنگدان لە کە لایەن هاوڵاتیان وەرنەگیراونەوەتەوە و گەڕێندراونەتەوە بۆ بەغدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە، نەبەرد عومەر، بەڕێوەبەرى دەستەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان ئاشکرایکرد، ڕۆژى ١٥ی تشرینى یەکەم دواى تەواوبوونى وادەى دابەشکردنى کارتى دەنگدان، ئەو کارتانەى لە ئۆفێسەکانى هەولێر، سلێمانى و دهۆک ماوەتەوە وەریانگرتووەتەوە کەژمارەیان 97 هەزار و 500 کارت بووە.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، لەو ژمارەیە نزیکەى 22 هەزار کارت لە هەولێر، 65 هەزار کارت لە سلێمانى و هەروەها 10 هەزار و 500 کارتیان لە دهۆک وەرگرتووەتەوە.
نەبەرد عومەر باسی لەوەشکرد، سەرجەم کارتەکان لە بنکەکان وەرگیراونەتەوە و گەڕێندراونەتەوە بۆ ئۆفێسەکانى هەولێر، سلێمانى و دهۆک لەوێشەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ بەغدا و لە ئێستادا هیچ کارتێک لە هەرێمى کوردستان نەماوە.
هاوکات، ڕۆژى 15ی 10ی 2024، دوا ڕۆژبوو بۆ وەرگرتنەوەى کارتى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانیش جەخت لەوەدەکاتەوە کە هەرکەسێک کارتى دەنگدانى نەبێت مافى بەشداریکردنى لە هەڵبژاردن نابێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بڕیارە ڕۆژى 18ی 10ی 2024، هەڵبژاردنى تایبەت و 20ی 10 هەڵبژاردنى گشتى لە هەرێمى کوردستان بەڕێوەبچێت.