لڤین
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ رایگەیاند کە لە ساڵی ٢٠٢٣ خاوەنی ئەداکردنێکی دارایی باش و ناوازە بووە و جەخت لە پێگەی پێشەنگی خۆی لە کەرتی پەیوەندییەکانی عێراقدا دەکاتەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیاکەش دەڵێت، “ئێمە لە ئاسیاسێڵ سەرکەوتوو بووین لە پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانمان.”
کۆمپانیای ئاسیاسێڵ ئەنجامە داراییەکانی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ راگەیاند کە تێیدا گەشەیەکی بەرچاوی لە داهات و قازانج و بنکەی بەشداربوواندا بەدەستهێناوە. کۆمپانیاکە باسی لەوە کردووە، ئەم ئەنجامانە رەنگدانەوەی پابەندبوونی کۆمپانیایە بە داهێنان و دابینکردنی پێداویستییەکانی کڕیاران و بەهێزکردنی پێگەی پێشەنگی خۆی لە بازاڕدا و هەروەها بەشداریکردنی لە گەشەسەندنی ئابووریی عێراق. ئەوەشی خستووەتە روو، ئاسیاسێڵ لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣ ــدا ئاستێکی نایابی لە ئەداکردن تۆمارکردووە لە پێنوێنە داراییە جیاوازەکاندا بەو پێیەی داهاتە بەدەستهاتووەکان لە ئەنجامی چالاکییەکانی ئێستای بەڕێژەی ١١٪ زیادی کردووە، بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ گەیشتووەتە ١.٦٥٩ ترلیۆن دیناری عێراقی، هەروەها بڕی قازانجیش پێش سوود و باج و خەرجییەکانی “الإندثارات والإطفاءآت” (EBITDA) گەیشتووەتە ٧٢٨ ملیار دیناری عێراقی، کە بەڕێژەی ١٣٪ زیادی کردووە بە بەراورد بە ساڵی رابردوو.
ئاماژەی بەوەش کردووە، قازانجی تەواوەتی گەیشتووەتە ٣٥٢ ملیار دیناری عێراقی، کە ئەمەشیان بەڕێژەی ٣٣٪ زیادی کردووە و ئەم سەرکەوتنە دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی خەرجییەکان و بەڕێوەچوونی کارەکان بە شێوەیەکی کاریگەر و کارا.
هەروەها بنکەی بەشداربووان بەڕێژەی ٣.٥٪ زیادی کردووە و تا کۆتایی ساڵ گەیشتووەتە ١٧.٧ ملیۆن بەشداربوو لە کاتێکدا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢دا ١٧.١ ملیۆن بەشداربوو بووە، ئەمەش رەنگدانەوەی سەرکەوتنی ستراتیژەکانی کۆمپانیایە بۆ راکێشانی کڕیاری زیاتر بە لای خۆیدا. لایخۆیەوە، فاروق مستەفا رەسووڵ سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن رایگەیاند، “ئێمە لە ئاسیاسێڵ سەرکەوتوو بووین لە پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانمان لە پێناو پتەوکردنی پێگەی ئەو خزمەتگوزارییانە وەک سەرقافڵەی کەرتی پەیوەندییەکان لە عێراق.
ئەمەش رەنگدانەوە پابەندبوونی بەرزمانە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پێشکەوتوو بە بەشداربووانمان.” دەشڵێت، ئاسیاسێڵ سەرنجێکی زۆری خستووەتەسەر وەبەرهێنان لە لایەنە بنەڕەتییەکانی بازرگانیدا لە پێناو پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری بە جۆرێک کە زیادبوونی توانای تۆڕەکە مسۆگەر بکات و ئەداکردنیشی بەهێزتر بکات.
کۆمپانیا بەڵێنیداوە کە پابەندبێت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی نایاب و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای جیهانیی بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی دارایی بەهێز، ئەمەش وەکو درێژکراوەی زنجیرەیەکی بەردەوام لە دەستکەوتی گرنگ کە کۆمپانیا لە ماوەی ساڵانی پێشوودا بەدەستیهێناون. ئەوەشی خستووەتە روو،لە ساڵی رابردوودا کۆمپانیا ئەداکردنی خۆی بەهێزترکرد بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی داهات و قازانجی تەواوەتی بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو و بە ڕێژەیەکی زۆر جیاواز لە ڕێژەکانی ساڵی ڕابردوو. ئەم ئەنجامانە بە ڕوونی سەرکەوتنی بەڕێوەبەرایەتی کۆمپانیا دەردەخەن لە پەرەپێدانی بەردەوامی ستراتیژیی تایبەت بە خۆی و چاودێریکردنی جێبەجێکردنی. و گرنگە جەخت لەو ڕاستییە بکەینەوە کە هەموو ئەو ژمارە و داتایانەی باسکراون تایبەتن بە ساڵی دارایی ٢٠٢٣ و هیچ پەیوەندییەکیان بە ئەنجام و پێشبینییەکانەوە نیە بۆ ساڵی ٢٠٢٤. باسی لەوەش کردووە، کۆمپانیا سوپاس و پێزانینی خۆی ئاڕاستەی دەستەی دراوی دارایی و بۆرسەی عێراق بۆ دراوی دارایی و ئەنجومەنی پیشەیی چاودێری و وردبینی ژمێریاری و چاودێری ژمێریاری دەکات بۆ هەوڵە بەردەوام و ماندوو نەناسەکانیان لە تێپەڕاندنی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی دەرکردنی بەیاننامە داراییەکان بوونەوە لە بەرواری خۆیاندا، هەروەها بەپێی ئەوەی کە لە ئاشکراکردنـی کۆمپانیادا هاتووە بۆ داتا داراییەکان بۆ بۆرسەی عێراق بۆ دراوی دارایی لە ٣٠ـی ئایاری ٢٠٢٤ ــدا.
هەروەها سوپاسی خاوەن پشک و وەبەرهێنەرەکان دەکەن بۆ متمانەیان بە هەوڵەکانی کۆمپانیا لە بەتەنگەوەهاتنیان بۆ ئاشکراکردنی داتا داراییەکان بە شێوەیەکی وەرزی و بەرزکردنەوەی ئاستی شەفافیەت.