لڤین
ئەندامێکی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت، کشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەت تەنها دەنگۆیە و هیچ بڕیارێکی لەسەر نەدراوە، ئەگەر بڕیارێکی لەوشێوەیەش بدرێت دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی حزبەکەیەوە لە مانگی داهاتودا، سەبارەت بە ڕێکخەری گشتیش دەڵێت، “یەکێک لە کاندیدەکان بۆ ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەکە دانای ئەحمەد مەجیدە”.
سەفین مەلا قەرە، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “کشانەوەی گۆڕان لە حکومەت دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی ناوخۆی گۆڕان لە مانگی داهاتودا کە هەڵبژاردنی خانە و ڕێکخەری بزوتنەوەكە بەڕێوەدەچێت و ئەوان بڕیاری لەبارەوە دەدەن، تا ئێستا ئەو بابەتە تەنها دەنگۆیە و قسەی هەندێک خەڵکە، ئێستا کەس ئەو بڕیارەی پێنادرێت تا هەڵبژاردنی ناوخۆیی نەکرێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد،” پێشتر ئەو بابەتە چەند جارێک باسی لێوەکراوە، بەڵام نەگەشتوینەتە بڕیار.”
لەبارەی پۆستی ڕێكخەری بزوتنەوەكە سەفین مەلا قەرە باسی لەوەكرد، دانای ئەحمەد مەجید یەکێکە لە کاندیدەکان بۆ ڕێکخەری گشتی و بۆ کاندیدبونیشی ناڕەزایەتی نییە لە ناو بزوتنەوەکە، لە ناو گۆڕان دیموکراسی هەیە، هەرکەس ئازادە دەنگی پێدەدات یاخود نا.
ئەوەشی خستەڕو، “لەناو بزوتنەوەکە کێشەمان هەیە و ئیشی لە پێشینەمان خۆڕێکخستنەوەیە، قسە لەگەڵ توڕەبوەکانی گۆڕان کراوە و پرسیان پێکراوە و دەتوانن خۆشیان کاندید بکەن و بەشداربن لە ڕێکخستنەوەکەی گۆڕاندا”.