لڤین
وەزیری بازرگانیی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی عێراق قسەیان کردووە و کێشەی ناردنی پارەی گەنمی جوتیاران چارەسەر دەبێت و بەم زووانە پارە ڕەوانە دەکرێت.
کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانیی حکومەتی ھەرێم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە، حکوومەتی عێراق بۆ ئەمساڵ لە کڕینی گەنمی جوتیاران پارەی زۆرینەی گەنمی جوتیارانی خۆیانی داوە و تەنیا ھەندێک ناوچەی کوردستانیی وەکو کەرکوک و نەینەوا و تکریتیش ماوە، ئەوەی دیکە ھەموویان دابەش کردووە.
لەبارەى پارەى گەنمى جوتیارانى هەرێمەوە وتى: زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینار ماوە تاوەکو ئێستا بەغدا ڕەوانەی نەکردووە، ئێمەش وەکو حکومەت و وەزارەتی بازرگانی لەسەر هێڵین بۆ ئەوەی پارەکە ڕەوانە بکەن، چونکە پێویستە دوای ھەفتەیەک لە ڕادەستکردنی گەنم، پارەی جوتیاران بدرێت.
وەزیرى بازرگانى وتیشى: دەبوو دوای ڕادەستکردنی گەنم پارەکە ڕەوانە بکرێت، بەڵام ئەمجارە حکومەتی عێراق گەنمێکی زیاتری لەوەی دیاری کرابوو کڕیوە، بەڵام خۆم قسەم لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق کردووە و بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا پارەی گەنمی جوتیارانی کوردستان ئەوەی ماوە ڕەوانەی بکەن و ئەو گرفتەش چارە دەکرێت.