لڤین
ئاگری بەشێک لە دارستانەکانی تورکیا بەردەوامە و بەهۆی بای بەهێزیشەوە، رووبەری ئاگرەکان بەرفروان بوون.
ئاگری دارستانەکانی “کارابوک” لە باکووری تورکیا بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک بەردەوامە و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، هەوڵی کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی دەدەن.
مستەفا یاوز، پارێزگاری کارابوک رایگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی ژیانی خەڵک، 10 گوندی ناوچەکەیان چۆڵکردووە.
هاوکات ماوەی چوار رۆژە ئاگری دارستانەکانی “گەیڤە”ی سەربە ساکاریا بەردەوامە و بەهۆی بای بەهێزیشەوە، لە فراوانبوونی زیاتردایە.
لەگەڵ ئەوەی رۆژی چوارشەممە بەشێک لە ئاگرەکە کۆنترۆڵکرا، بەڵام بەهۆی بای بەهێزەوە، ئاگرەکە کڵپەی سەندەوە، بەو هۆیەوە حەوت گوندی ناوچەکە چۆڵکرا.
شەوی چوارشەممە، پێنج کارمەندی ئاگرکوژێنەوە و پێنج خۆبەش لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی ئێسکیشەهیر، لەناو ئاگردا گیریانخوراد و گیانیان لەدەستدا، پاش چەند کاتژمێرێک لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی گیانلەدەستدانی ئاگرکوژێنەوەکان دەستیپێکرد.
لە ساڵانی رابردوودا زۆرترین ئاگر لە پارێزگاکانی رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای تورکیا کەوتوونەتەوە و بەگوێرەی ئاماری فەرمی، نیوەی ئەو ئاگرانەی لە 10 ساڵی رابردوودا کەوتوونەتەوە، لە دارستانەکانی ئیزمیر، ئەنتاڵیا و موغڵا بوون، کە رووبەرێکی فراوان و چڕی دارستانیان هەیە.
لە 10 ساڵی رابردوودا، تەنیا لە سنووری پارێزگای ئەنتاڵیا، 67 هەزار و 512 ئاگر کەوتوونەتەوە.
لە باکووری کوردستانیش، زۆربەی ئاگرەکان لە سنووری پارێزگاکانی خارپێت، مەڕەش و روحا دەکەونەوە.
زۆربەی دارستانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بە هۆکارە دەستکردەکان دەسووتێن و بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی دارستانەکانی تورکیا، تەنیا لە ساڵی 2024، سێ هەزار و 500 هێکتار زەوی بەهۆی سووتاندنی پوش و پەڵاشی زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە، سووتاون.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، 47.4٪ـی هۆکاری ئاگرەکان نادریارن، 29.5٪یان بەهۆی کەمتەرخەمی، 4.5٪یان بە مەبەست، 5.6٪ بەهۆی رووداوەوە و 13٪یان بە هۆکارە سروشتییەکان دەکەونەوە.
















