لڤین
ئەنجوومەنی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان “پارتی دەم” لە شاری ئەنقەرە کۆبووەوە و جەختى لە گرنگیی هەنگاوە یاساییەکان بۆ سەرخستنی پرۆسەکە کردەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی پاش کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی پارتی دەم بە وردیی باسیان لەو پرۆسەیە کردووە، کە نزیکەی 10 مانگە بەڕێوەدەچێت و بە چەکدانانی یەکەم گرووپی پەکەکەش چووە قۆناغێکی نوێ.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە “پێویستە پەرلەمانی تورکیا هەنگاویی یاسایی بنێت و زەمینەی یاسایی بۆ پرۆسەکە دروستبکات، ئەوەش لەپێناو ئەوەی لە کۆتایی پرۆسەکەدا چوارچێوەی دەستووریی بەبەردا بکرێت”.
لە کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی پارتی دەم باس لە “گرنگی” دروستکردنی ئەو لیژنەیە کراوە کە زەمینەی یاسایی پرۆسەکە ئامادەدەکات و ئەنجوومەنەکە ئەرکەکانی لیژنەکەی بە “مێژوویی” ناوبردووە.
ئەنجوومەنی پارتی دەم لەبارەی رێوڕەسمی چەک سوتاندنی پەکەکەش لە سلێمانی ئاماژەی بەوەکردووە، کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداریی گرنگیی میژوویی هەیە و هەنگاونانی یاساییش لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەی پەکەکە، دەرگا بە رووی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەدا دەکاتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەختیش لەوەکراوەتەوە، بۆ چارەسەری هەمیشەیی و دیموکراسییانەی کێشەی کورد، پێویستە چەند هەموار و گۆڕانکارییەکی یاسایی بکرێت.
















