لڤین
سوپای ئيسرائيل رایگەیاند، ئۆتۆمبێلە سەربازييەکانی هێزەکانی حکومەتی سووريايان لە ناوچەی سوەيدا کردووەتە ئامانج، رێبەری رۆحی دروزەکانیش دەڵێت، لەگەڵ سووریا نەگەیشتووینەتە رێککەوتن.
سوپای ئيسرائيل ڤیدیۆی هێرشکردنەسەر هێزەکانی سووریای بڵاوکردەوە و بنيامين نەتانياهوو سەرۆکوەزيرانی ئيسرائيل و يسرايل کاتز وەزيری بەرگریی ئەو وڵاتە پاش کۆبوونەوەيەکی بەپەلە رايانگەياند، فەرمانيان بە سوپا کردووە دەستبەجێ هێرش بکاتە سەر هێزەکانی رژێم و ئەو چەکانە، کە هێنراونەتە ناوچەی سوەیدا لە چیای دروز بە مەبەستی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن دژی دروزەکان.
لە نوێترين لێدوانيدا حيکمەت هاجەری رێبەری رۆحی دروزەکان رايگەياند، “لەگەڵ ديمەشق نەگەيشتوونەتە رێککەوتن و ئەو راگەيەندراوەی پێشتر لەبارەی رێککەوتنيان لەگەڵ حکومەت بڵاويانکردووەتەوە لەژێر فشاردا بووە”.
گوتيشی، “رووبەڕووی کۆمەڵکوژی بوونەتەوە و داوا لە هەموو لایەک دەکەن هەڵمەتی بەربەريیانە دژی ئەوان رابگرن”.
رۆژی شەممە (12ی تەمموز) گرژی و ئاڵۆزی کەوتە نێوان چەکدارانی بەدووە سوونەکانی سوەيدا لەگەڵ دروزەکان، پاش گرژييەکان سوپای سووريا هێزەکانی بردە سوەيدا و دەستوەردانی لە دۆخەکە کرد و بەهۆيەوە تاوەکو ئێستا زياتر لە 100 کەس کوژراون.
سوپای ئيسرائيليش بەمەبەستی پاڵپشتيکردنی دروزەکان دەستی بە هێرشکردنەسەر تانک و زرێپۆشەکانی حکومەتی سووريا کردووە.
















