لڤین
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بۆنەی چەکدانانی ژمارەیەک لە ئەندامانی پەکەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاندووە، “چەکدانانی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی هەنگاوێکی مێژووییە، بۆ دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە باکووری کوردستان و تورکیا لە رێگەی دیالۆگ و ئاشتییەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باوەڕی تەواوی بەوە هەیە کە خوێنڕشتن کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە و ئێستا سەردەمی بێدەنگکردنی چەکەکان و چوونە سەر مێزی گفتوگۆیە بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی هەموو لایەک”.
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هاتووە، “ئێمە لە کاتێکدا لە هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی بەردەوام دەبین، شانازیش دەکەین بەوەی کە ئەو بناغە ئاشتییەی یەکەمجار سەرۆک مام جەلال دایڕشت ئەمڕۆ جێبەجێ دەکرێت”.
هەروەها ئەوەشی راگەیاندووە، “هیوادارین ئەم هەنگاوە ببێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان لایەنەکان و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر پتەوکردنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەبێت”.
















