لڤین
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردەکانی عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ 688 هەزار و 651 کەس داواکارییان بۆ بوونە کارمەندی سەر سندوقەکان پێشکەشکردووە و لەو ژمارەیەش نزیکەی 105 هەزار کەسیان لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان داواکەیان پێشکەشکردووە.
بەگوێرەی راگەیاندراوی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تاوەکو ئەمڕۆ، 7ـی تەممووزی 2025، 688 هەزار و 651 کەس داواکارییان بۆ بوون بە کارمەندی سەر سندوقەکانی دەنگدان پێشکەشکردووە لەکاتێکدا کۆتا وادە بۆ پێشکەشکردنی ئەو داواکارییە، رۆژی 9ـی تەمموزە.
زۆرترین داواکاری بۆ بوونە کارمەندی سەر سندوقەکان لەپارێزگای نەینەوابووە کە 68 هەزار و 591 کەسبووە.
هاوکات لەئاستی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک 104 هەزار و 628 کەس داواکارییان پێشکەشکردووە و زۆرترین رێژەش لە سلێمانی بووە کە 38 هەزار و 740 کەس بووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کۆمیسیۆن دەڵێت، ئەوان لەسەرتاسەری عێراقدا پێویستیان بە 250 هەزار کارمەندی سەر سندوقی دەنگدان هەیە و لەو ژمارەیەش هەرێمی کوردستان پێویستی بە 40 هەزار کارمەندە.