لڤین
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داهاتى نانەوتی بەشى چارەکە مووچە ناکات و داهاتی نەوتیش بۆ حکومەت سفرە. راشیگەیاند، 160 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەدرێتە پاڵاوگە ناوخۆییەکان.
لەچاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا، کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەو نەوتەی ئێستا بەرهەمدەهێندرێت، 160 هەزار بەرمیلی بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکانە و ئەوی دیکە کە دەمێنێتەوە، بۆ کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوتە.
دەشڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان قازانج لەو نەوتە بەرهەمهاتووە ناکات و “داهاتی نەوت قازانجەکەی بۆ حکومەتی هەریمی کوردستان سفرە و ئەو نەوتەى بەرهەمدەهێنرێت هیچى بۆ خۆمان نییە”.
کوێستان محەمەد دەشڵێت، حکومەتی عێراق داوای 250 هەزار بەرمیل نەوتی کردووە و بەشێکی بۆ کۆمپانیاکان خۆیانە، بەشێکی بۆ حکومەتی عێراق و بەشەکەی دیکە بۆ پاڵاوگەکانە بۆ بەرهەمهێنانی نەوت و بەنزین.
کوێستان محەمەد، وەزیرى کاروکاروبارى کۆمەڵایەتى سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە بە داهاتی ناوخۆ، وتى: داهاتى نانەوتی بەشى چارەکە مووچەش ناکات، ئەو داهاتەى لەبەردەست وەزیرى داراییە 160 ملیار دینارە.
راشیگەیاند، “سەرجەم وەزیرەکان لەگەڵ ئەوەدابووین، کە لەگەڵ بەغداد دوا هەوڵ بدرێت بۆ چارەسەرکردنى مووچە، چونکە ئەوە مافێکى یاسایی و دەستووریى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانە”.
کوێستان محەمەد گوتیشی، چاوەڕێى رەزامەندیى سودانى دەکەن بۆ ئەو رێککەوتنەى کراوە، دەبێت مووچەى دوو مانگ بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان رەوانە بکرێت.